ئومێد خۆشناو: سبەی زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگە و شێخەڵڵاش هاوکاریی داراییان بەسەر دابەش دەکرێت

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، سەرباری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگە و شێخەڵڵاش هاوکارییان بەسەر دابەش دەکرێت.

یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرباری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، سبەی زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگە و بازاڕی شێخەڵڵاش هاوکاریی داراییان بەسەر دابەش دەکرێت.

ئومێد خۆشناو گوتی: دوای سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر، بڕیاری خەرجکردنی هاوکاریی زیانلێکەوتووان درا، بەشێک لەو هاوکارییانە دابەشکراون، دەشڵێت: هاوکاریی دارایی بەپێی زیانی دوکانەکان، بەپێنج بەش دراوەتە زیانلێکەوتووان، سبەش زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگە و شێخەڵڵا هاوکارییەکانیان بەسەر دابەش دەکرێت.

ئومێد خۆشناو  ئاماژەی بەوە کرد کە،  بەپێی قەبارەی زیانەکانیان، کەمترین هاوکاریی دارایی بۆ زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی لە دوو ملیۆن دینار  دەستپیدەکات بۆ پێنج ملیۆن دینار و 10 ملیۆن و 15 ملیۆن و 20 ملیۆن دینار .

ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند: سبەی هەردوو بەشی زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگە لەهەردوو ئاگر کەوتنەوەی یەکەم و دووەم، هاوکات بازاڕی شێخەڵڵا هاوکاریی داراییان بە بڕی دوو ملیۆن دینار بەسەر دابەش دەکرێت بۆ هەر زیانلێکەوتووێک، چونکە قەبارەی زیانەکانی ئەوان بەجۆرێکی دیکە بوو.