غەریب ئیبراهیم: ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە، ئامادە دەکەین بچنە بەر خوێندن
بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دایک لە سۆران دەڵێت: ئەو منداڵانەی لە تەمەنی سێ ساڵن بۆ شەش ساڵ و ئۆتیزمیان هەیە، بە ڕاهێنان ئامادەیان دەکەین بچنە بەر خوێندن.
یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، غەریب ئیبراهیم بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دایک لە سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کۆمەڵگەی دایک وەک خزمەتگوزارییەک یەکەم جارە لەو دەڤەرە دەکرێت. دەڵێت: ڕێژەی ئۆتیزم زیادی کردووە و ئامارێکی مەترسیداریان تۆمار کردووە، گوتی: لانی کەم بەو کۆمەڵگەیە دەتوانین خزمەتی نەخۆشانی ئۆتیزم بکەین بەشێوەیەک، لەیەک کاتدا خزمەتی نزیکەی پەنجا منداڵ بکەین و ڕاهێنانیان پێ بکەین و بیانگێڕینەوە بەر خوێندن.
دەڵێت: بۆ نابینایان و نابیستانیش، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بیری لەوانیش کردەوەتەوە کە بخرێنە بەر خوێندن، لەگەڵ خزمەتکردنی بەساڵاچووانیش.
غەریب ئیبراهیم ئاشکرای کرد، نزیکەی 65 کارمەند لە کۆمەڵگەکە خزمەت دەکەن، هەر پەیمانگەیەک دەتوانێت تاکو 60 قوتابی وەربگرێت و ڕاهێنانیان پێ بکرێت، هاوکات نزیکەی 30 بەساڵاچوو بە کادیری لێهاتوو و پێشکەتوو خزمەت بکرێن.
ئاشکرای دەکات، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامێری پێشکەوتووی لە کۆمەڵگەکە داناوە بۆ ڕاهێنان پێکردنی منداڵەکان، جگە لەوەی باڵەخانەکەی دروست کردووە. گوتی: دەمانەوێت کادیر پێ بگەیەنین وچەندان کەسمان پێگەیاندووە بۆ خزمەتکردن لەو کەرتە، چونکە سۆران ئامارێکی بەرزی لەو نەخۆشیانە هەیە، لەگەڵ ئەوەش بووین بە ناوەندێکی پێگەیاندن.
دەشڵێت: خانەیەکی فەرهەنگیمان هەیە تایبەتە بەوانەی بەتەمەنن و شوێنی کات بەسەر بردنیان نییە، وەکو ناوەندێکی ڕۆژانە بۆ ئەوەی هاوڕێکانی خۆیان ببینن و لەگەڵ هونەر و مۆسیقا کاتی خۆیان بەسەر ببەن.
گوتی: لە قۆناغی یەکەم دەمانەوێت منداڵی تەمەن سێ ساڵ بۆ شەش ساڵ وەربگرین بۆ ئەوەی وایان لێ بکەین بشێن بچنە قوتابخانە، دەڵێت: هەندێ لە نەخۆشەکان پێویستیان بە چارەی پزیشکییە، ئەو بەشەش دەکەینەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن.
یەكشەممە، 08-09-2024، کۆمەڵگەی دایک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی و سیداد بارزانییەوە کرایەوە کە لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی بنیات نراوە.
کۆمەڵگەکە تایبەت دەبێت بە بۆ كهسانی خاوهن پێدوایستی و لێقهوماو؛ له شهش باڵهخانهی تایبهت به (پهیمانگهی نابینایان، پهیمانگهی نابیستان، سهنتهری ئۆتیزم، خانهی بێ سهرپهرشتان، خانهی بهساڵاچووان، خانهی كهلتووری) پێک دێت.
خاوهنداریهتیی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی دایک بۆ دهزگای خێرخوازیی بارزانی دهگهڕێتهوه. تهواوی خزمهتگوزارییهكانی ئهو كۆمهڵگهیه بێبهرانبهر و لهسهر ئهركی دهزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكهش دهكرێن.
کۆمەڵگەی دایک بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار لەسەر ڕووبەری 11 ههزار مهتر دووجا بنیات نراوە و ڕۆژی 04-04-2021 دەست بە دروستکردنی باڵەخانەکە کراوە.