سیروان ڕۆژبەیانی: گۆڕان لە پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای نەینەوا جێبەجێ نەکراوە
"لە بەغدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی پارێزگای نەینەوا هەیە"

جێگری پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند، بڕیاری گۆڕان لە پۆستە ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا ڕاگیراوە و پارێزگار ئیمزای لەسەر دەستبەکاربوونی ئەو کەسانەش نەکردووە کە بۆ وەرگرتنی پۆستەکان دیاری کراون.
ئاشکراشی کرد، لە بەغدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی نەینەوا هەیە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم فراکسیۆنەکانی پارێزگای نەینەوا کۆ ببنەوە.
سیروان ڕۆژبەیانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو کەسانەی لە دامەزراوە ئیدارییەکانی پارێزگای نەینەوا کە بە نیاز بوون بگۆڕێن، هەر لە شوێنی خۆیانن و دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن، پارێزگاری نەینەواش بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ ئەو کەسانە دەرنەکردووە کە بە نیازبوون لە شوێنی ئەوان دەست بەکار بن، بەبێ پارێزگاریش ناتوانن لە هیچ پۆستێکی ئیداری دەست بەکار بن.
لەبارەی کێشەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاماژەی بەوەش دا: تا ئێستە ڕەوشەکە لەناو ئەنجوومەن وەک خۆی ماوەتەوە، ڕێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا تەواو نییە.
جێگری پارێزگای نەینەوا، گوتیشی: گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان هەیە، بۆ ئەوەی کۆببنەوە و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا بکرێت کە بە مەبەستی گۆڕان لە پۆستەکان داویانە، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە هەڵبژاردن دووەمی سەر ئاستی پارێزگاکە بوونی، لەگەڵ تەوافقین.
ئاشکراشی کرد: ئێستە لە بەغدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو کێشانە هەیە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر ئەو بابەتە کۆببنەوە، بۆ ئەوەی دیراسەی دۆخەکە بکرێت.