قایمقامی هەولێر: کوالیتیی بەنزین لای ئێمە گرنگە

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر

قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند، کوالیتیی بەنزین بۆ ئێمە گرنگە، بەردەوام بەدواداچوونێکی دەکەین بۆ کوالیتیی بەنزین و نرخی بەنزین.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە کە بەدواداچوون دەکەین بۆ بازاڕەکان و وێستگەکانی بەنزین، مەبەستمان ئەوەیە کە نرخی بەنزین دابەزێت، چەند نرخەکەی دابەزێت لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە، بەڵام کوالیتیی بەنزینەکەش لەلای ئێمە گرنگە.

قایمقام دەڵیت: لای خۆمانەوە بەدواداچوونێکی چڕ دەکەین بۆ کوالیتیی بەنزین، ئەوەی ساڵانی ڕابردوو، لە سووتانی ئۆتۆمبیل و شکستهێنانی ئۆتۆمبیل هەبوو، ئەم هاوینە هیچ جۆرێک لەو حاڵەتانەمان نەبوو، دەتوانم بڵێم ئەو بەنزینەی لە وێستگەکان دەفرۆشرا تا ڕادەیەکی باش کوالێتییەکی باشی هەبووە،  لە لایەن ئەو لیژنانەی کە بەدواداچوونی بەردەوامیان دەکرد، بەنزینخانەکان کۆنترۆڵ کراون.

دەشڵیت: چەندان بەنزینخانە داخران و پێبژاردنیان بۆ کراوە، بەشێک لەو بەنزینخانانەی کە سەرپێچییەکانیان دووبارە دەکردەوە ڕەوانەی دادگامان دەکردن، لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە. هەروەها ئەو هەنگاوانەی کە حکوومەت دەیگرێتە بەر هەمووی هەنگاوی دروستن.

نەبەز عەبدولحەمید ڕاشیگەیاند، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی سامانەی سەروشتییەکان بڕیارێکی دا، بەوەی بازرگانانی ئازادن کە بەنزین هاوردە بکەن، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر بازاڕەکە. هەر دوێنی ئەو بڕیارە چووە واری جێبەجێکردن و بازرگانان ڕێگەیان پێ دەدرێت لە بازگەکان بەنزین بێننە ناوەوە. بەتایبەت لە شارەکانی ناوەراست و خواری عێراق، کە پێشبینی دەکەین، ڕۆژانە 500 هەزار لیتر بەنزین بهێننە ناو هەرێمەوە.

Fly Erbil Advertisment