سوودان، لە ئەنجامی تۆپبارانی بازاڕێکدا پتر لە 90 کەس کوژران و بریندار بوونە

لە تۆپبارانی بازاڕی شاری سنار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سوودان زیاتر لە 90 کەس کوژران و بریندار بوون و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بەو کۆمەڵکوژییە تۆمەتبار دەکرێت. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024، تۆڕی پزیشکانی سوودان بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی تۆپبارانی بازاڕی شاری سنار، 21 کەس کوژراوە و زیاتر لە 70 کەسیش بریندار بوونە، دەشڵێت: تۆپبارانەکە لە لایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە کراوە.

تۆڕەکە ئیدانەی ئەو تۆپبارانەی کرد و بە کۆمەڵکوژیی لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە سنار ی وەسف کرد.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2023 لە سوودان شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا سەری هەڵدا کە تاوەکو ئێستە دەیان هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوە بوون.

ململانێکان دۆخی وڵاتەکەی زۆر شێواندووە بە شێوەیەک خەڵکی سوودان ڕوبەڕووی برسیەتیکی گەورە بووەتەوە، ڕێکخراوە مرۆییەکان چەند مانگێکە هۆشداری دەدەن و دەڵێن، بەهۆی نەبوونی ئاسایشی ناوچەکە ڕێگرییان لێ دەکرێت لە گەیاندنی هاوکارییەکان.