وەزیری نەوتی عێراق دێتە هەرێمی کوردستان

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق

وەزیری نەوتی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ سەردانی هەولێر دەکات.

دووشەممە، 09-09-2024، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وا بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵی، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئامانجی سەردانەکە، وەکوو ئەوەی دلێمی ئاماژەی پێ کرد، تاوتوێکردنی پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت و تێچووی دەرهێنان و بەرهەمێنانی نەوتە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە لە هەولێر و سەردانەکەی وەزیری نەوتیش لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی نێوان هەردوولا بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەبێت".

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، دلێمی دڵنیایی دا لەوەی "کێشەی مووچە بە تەواوی چارە بوو و چی دیکە دواناکەوێت. هۆی دواکەوتنی مووچەی چەند مانگی ڕابووردو، نەبوونی پارەی نەختینە بوو کە کێشەیەکی گشتیی عێراق بوو".

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا تەنها نزیکەی دوو ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج کردووە و پرۆسەی خەرجکردنی مووچەکەی بە بیانووی جیاواز ڕاگرتووە. جیا لەمەش، بڕی 505 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئاب ناردووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لیستی مووچەی ئەو مانگەی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد، وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق لە لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت لەم ڕۆژانەدا ئەو گوژمەی مووچەی ماوە، خەرج بکرێت.

Fly Erbil Advertisment