یەکێتیی ئەورووپا: زانیاریمان هەیە ئێران مووشەکی بالیستیکی ڕەوانەی ڕووسیا دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، هاوپەیمانەکانی زانیاریی هەواڵگرییان هەیە کە ئاماژە بەوە دەکەن ئێران مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا دابین کردووە، هەروەها هۆشداریشی دا لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا ئەگەر ئەو هەواڵە بسەلمێنرێت.

پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەکدا گوتی: ئێمە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام تاوتوێی ئەو پرسە دەکەین، ئەگەر سەلمێنرا کە مووشەکی ڕادەستی ڕووسیا کردووە، ئەوە دەبێتە هاوکارییەکی ماددی گەورە لە پاڵپشتی ئێران بۆ ئەو شەڕە نایاساییەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا. هەروەها سزای نوێش بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت.

لای خۆیەوە مێدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە، کە ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە گواستنەوەی مووشەکەکانی ئێران بۆ ڕووسیا، "شەڕی دەروونییە".

کرێملینیش ڕایدەگەینێت، ئێران هاوبەشی ڕووسیایە و ئێمە پەیوەندییەکانمان لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ دەدەین، ئەمەش لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دا هاتووە، کە باسی لەوە کردبوو، تاران مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای بۆ مۆسکۆ ناردووە.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین بە رۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: ئەم ڕاپۆرتەم بینیوە، بەڵام هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاودەکرێنەوە ڕاست نین. گوتیشی: ئێران هاوبەشێکی گرنگە بۆ ئێمە، ئێمەش کار دەکەین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان و پەرەپێدانی هاوکاری و دیالۆگەکانمان لە هەموو بوارەکاندا، بە هەستیارترین بوارەکانیشەوە.

لێکنزیکبوونەوەی تاران و مۆسکۆ لەدوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر بووە، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید ی بۆ سوپای ڕووسیا دابین کردووە.

ئەمەریکاش ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند، گواستنەوەی هەر جۆرە مووشەکێکی بالیستیکی ئێران بۆ ڕووسیا، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا درێژە پێ دەدات.

Fly Erbil Advertisment