پێشەوا هەورامانی: شاندەکەی عێراق ڕەزامەند بوو ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت

پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری ئابووری عێراق له‌ هه‌ولێر كۆتایی پێ هات؛ هاوكات گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، لایه‌نی عێراقی ڕه‌زامه‌ند بوو له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

دووشه‌ممه‌، 9ـی ئه‌یلوولی 2024، پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ ئه‌رێنین به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌ربڕیوه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كۆبوونه‌وه‌كان زۆر ورد بوون و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی خودی به‌شداری له‌ ورده‌كارییه‌كان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌زاری حكوومه‌تی فیدراڵ و ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌زاره‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر شێواز (صیغة)ـیه‌ك ڕێك كه‌وتوون و ئه‌م شێوازه‌ ده‌به‌نه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.

ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، لایه‌نی عێراقی ڕه‌زامه‌ند بوو له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵ چاره‌كردنی تێبینییه‌ ته‌كنیكییه‌كان كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كوو كۆتایی ئه‌م ساڵ چاره‌یان بكات.

پێشه‌وا هه‌ورامانی تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، تێبینییه‌كان تایبه‌تن به‌ بایۆمه‌تری و فه‌رمانبه‌رانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ناوێكی دووباره‌.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونیشی كرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و لایه‌نه‌ نییه‌ كه‌ كۆسپ و ئاسته‌نگ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی دروست بكات، به‌ڵكوو جارێكی دیكه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دووپات له‌سه‌ر ئاماده‌یی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ڕاگرتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ بودجه‌ی حكوومه‌تی عێراق گه‌یاندووه‌.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: تا ئێسته‌ له‌وه‌ته‌ی ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی 19 ملیار دۆلار زیان به‌ر كه‌رتی وزه‌ی عێراق كه‌وتووه‌. سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ هه‌ردوو لا ڕێككه‌وتن دانیشتنێك له‌نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.