غانم عابد: چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە سوودانی کردووە دەست لە کار بکێشێتەوە

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات، له دوا كۆبوونه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه چووه، داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كراوه و پێیان گوتووه "موحسین مه‌نده‌لاوی ده‌بێته جێگره‌وه‌ی تۆ"؛ ده‌شڵێت، : ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نوێ نین.
دووشه‌ممه، 9ـی ئه‌یلوولی 2024، غانم عابد، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی: ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نوێ نین، به‌ڵام ئێسته له مێدیاكان ده‌ركه‌وتووه و ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكه دووبه‌ره‌كی له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌یه.
غانم عابد ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ململانێكه له‌نێوان نه‌وه‌ی نوێ و نه‌وه‌ی كۆنی ناو چوارچێوه‌كه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك قه‌یس خه‌زعه‌لی، عه‌ممار حه‌كیم و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ده‌یانه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی هاوپه‌یمانیه‌كه‌دا بگرن.
غانم عابد باسی له‌وه‌ش كرد، له به‌رانبه‌ردا نووری مالیكی، هادی عامری و فالح فه‌یاز كه نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌ی كۆن ده‌كه‌ن، له‌م دۆخه نوێیه نیگه‌ران بن.
ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، نیگه‌رانییه‌كانی نووری مالیكی، هادی عامری و فالح فه‌یاز زیاتر قووڵ بووه‌وه، كاتێك بۆیان ده‌ركه‌وت قه‌یس خه‌زعه‌لی له پشت تۆڕێكی سیخوڕییه به‌سه‌ریانه‌وه. گوتیشی، گومانیان هه‌یه ئه‌م تۆڕه له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پشتگیریی بكرێت و هه‌ندێك له سه‌ركرده شیعه‌كان و سه‌رانی حه‌شد به ئامانج بگرێت.