بەرگریی شارستانیی غەززە: دەیان کەس لە ئۆردوگای مەواسیی خان یوونس کوژران و بریندار بوون
بەرگری شارستانی لە کەرتی غەززە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، پاش هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل، تا ئێستە 40 کوژراو و 60 بریندار لە ناوچەی مەواسیی لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە دەرهێنراون.
بەرگری شارستانی لە غەززە لە ڕاپۆرتێکی دا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و بەکارهێنانی مووشەکی بەهێز، لانی کەم 20 خێوەتی ئاوارەکان پێکراون.
مەحمود بەسەل، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە، گوتی: زۆربەی ئەو خێزانانەی لەناو ئەم کەمپەدا نیشتەجێبوون بەهۆی بۆردوومانە کۆمەڵکوژییەکە دیار نەماون.
لای خۆیەوە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردە سەر ئەندامانی حەماس کە لە "کۆمەڵگەیەکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی پۆشراو" لە ناوچەی مرۆیی لە خان یونس کاریان دەکرد.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێش هێرشەکە هەنگاوی زۆری ناوە بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی بگات، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە تەقەمەنی وردیان بەکارهێناوە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند: حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوامە لە خراپ بەکارهێنانی ژێرخانی مەدەنی و مرۆیی، لەوانەش ناوچەی مرۆیی دیاری کراو، بۆ کردنی چالاکیی تیرۆریستی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و هێزەکانی ئیسرائیل.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ئەو کۆمەڵکوژیەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر خێوەتی ئاوارەکان لە مەواسی خان یونس، بە شەڕی دڕندانەی قڕکردن ناو دەبات.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، هێرشی ئاسمانیی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر خێوەتی ئاوارەکانی شاری مەواسیی خان یونس، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس، هەروا ژمارەیەک هاووڵاتی نادیارن.