زیاد کاکە ڕەزا: بوونی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی خەڵکی نیگەران کردووە

ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، هەموو لایەنە سیاسییەکان پێویستە ئەو هێزانەی دروستی دەکەن ڕەچاوی مافی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی هەموو تاکێکی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها نابیت هیچ هێزێکی دیکە جگە لە پۆلیس، دەست لە ژیانی خەڵک وەربدەن.

زیاد کاکە ڕەزا، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەموو لایەنە سیاسییەکان پێویستە ئەو هێزانەی دروستی دەکەن ڕەچاوی مافی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی هەموو تاکێکی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە کە باسی ژیانی مەدەنی لە شارەکاندا دەکەین، لەگەڵ ئەوە ئەبێت هێزی پۆلیس کارا بێت، هەروەها هێزی پۆلیس دەبێت هاوکاری دادگا و یاسا بێت"، بۆیە نابیت هیچ هێزێکی دیکە جگە لە پۆلیس و ئەو هێزە ئەمنییانەی کە مەبەستیان پاراستنی شارەکانە، دەستوەردان بکەن؛ کە بەداخەوە ئەمڕۆ هێزێکی زۆر لە جیاتی پاراستنی هەرێم و سنوورەکان دەستدرێژیی دەکەنە سەر شارەکە و ژیانی خەڵک.

سەبارەت بە هەبوونی هێزە ئەمنییەکان لەناو شارەکان، زیاد کاکە ڕەزا گوتی: تاڕادەیەکی زۆر نیگەرانی ڕارایی بۆ خەڵکی شارەکان دروست دەکات، ئەگەر خەڵک پۆلیس لەسەر شەقامەکان ببینێت ئەوە ئاساییە، چونکە دەزانن ئەوە هێزێکی یاسایی فەرمییە و ئیشی پاراستنی خەڵکە و بۆ چەسپاندنی یاساییە.

دەشڵێت: جگە لە هێزە ئەمنییەکان نابێت هیچ هێزێکی دیکە دەست وەربداتە ژیانی خەڵک  و ببێتە جێگرەوەی ئەو هێزانە، بەداخەوە ماوەیەکە لە شاری سلێمانی زۆر بەزەقی ئەو دیاردەیە دەبینرێت و خەڵک هەستی پێ دەکەن، بۆیە هاووڵاتیان لەو سنوورە زۆر نیگەرانن.

باسی لەوەش کرد، نابێت کەسێک لەبەرئەوەی لە هێزێکی لایەنێکی سیاسییە لە خۆیەوە خەڵک بکوژێت، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار وەکو ئارەزووی لێدێت، چونکە چۆن ئەبێت کەسێک لەدەرەوەی یاسا کەسێک بکوژێت، کە کوشتن ڕوو دەدات دەبێت تاوانبار دەستگیر بکرێت و دادگایی بکرێت و ڕوون ببێتەوە ئەو کارەی لەسەر چی کردووە.