قایمقامی هەولێر: لیتری بەنزینی نۆرماڵ 50 بۆ 60 دینار هەرزانتر بووە

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی خراپیی کوالیتی بەنزین چەندان بەنزینخانە داخراون، بەڵام ئەمساڵ سەرپێچی وێستگەکان کەمترە لە پار.

سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەردەوام لە ڕێگەی لیژنەکانمانەوە بەدواداچوون کراوە بۆ کوالیتی بەنزین، بەهۆی خراپیی کوالیتی بەنزین چەندان بەنزینخانە داخراون، بەڵام ئەمساڵ سەرپێچییەکان کەمترن و سەرپێچی و داخستنی وێستگەکانیش کەمبوونەتەوە.

قایمقام دەڵێت: هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی نرخی بەنزین کەم بکەینەوە، ئەویش هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ بازرگانەکان کردووە تاکوو بەنزین هاوردە بکەن و لە دوێنێشەوە لیتری بەنزینی نۆرماڵ 50 بۆ 60 دینار هەرزانتر بووە، بەردەوامیشین لە هەوڵەکانمان.

نەبەز عەبدولحەمید ڕاشیگەیاند، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی سامانەی سەروشتییەکان بڕیارێکی دا، بەوەی بازرگانانی ئازاد بکرێن لە هاوردەکردنی بەنزین، تاکوو نرخی بەنزین کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست نەکات. بازرگانەکان ڕۆژانە 500 هەزار لیتر بەنزین دەهێننە ناو هەرێمەوە.

Fly Erbil Advertisment