سێ حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمار کران
![سێ حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمار کران](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Sep-2024/1725968199172579877517253764991724157443WhatsApp Image 2024-08-20 at 3.37.10 PM.jpg)
سێ حاڵەتی نوێی تووشبوون تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراون و تەندروستیی هەرسێکیان جێگیرە.
سێشەممە، 10-09-2024، مەتین بەرواری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سێ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگاکە تۆمار کراون.
هەر سێ تووشبووەکە، وەکو ئەوەی بەرواریی باسی کرد، دانیشتووی قەزای بەردەڕەشن، پشکنینەکانیان ڕەوانەی بەغدا کرابوون و ئەنجامەکە ئەرێنی بوون. ڕوونیشی کردەوە، تەندروستیی هەرسێ تووشبووەکە جێگیرە.
بە تۆمارکردنی ئەم سێ حاڵەتە، ئەمساڵ 11 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوون.
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، لە ڕێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات کە بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).
تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 ڕۆژدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە تایەکی بەرز، ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان، بێهێزیی و هەستکردن بە گێژبوون.
بۆ چارەکردنی نەخۆشەکە پێویستە، پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش بکرێت و لە کەسانی دیکە داببڕێت، چونکە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە. هەروەها ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابین بکرێت، ئەو نەخۆشانەش کە نیشانەی سکچوون و ڕشانەوەیان ههیه، بۆ چارەکردنیان و پاراستنیان لە وشکبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێ دەدرێت.