مەسرور بارزانی لەگەڵ گەورەکانی جیهان بەشداریی لە کۆنفرانسی 'COP29' دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

ڕێککەوتن لەسەر ئامانجێکی نوێی دارایی بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاردانەوەکان، گەورەترین ئەرکی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان "COP29"ـیە، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە باکۆ، پایتەختی ئازەربایجان، بەڕێوە بچێت.

هەر لەوبارەوە، ڕۆژی دووشەممە، 09-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە نەسیر مەمەدۆڤ، باڵیۆزی کۆماری ئازەربایجان لە عێراق کرد.

کە لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا "باڵیۆزی ئازەربایجان، سڵاو و ڕێزی سەرۆککۆماری ئازەربایجانی بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاند و بانگهێشتی لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا "COP29"ـی کرد، کە بڕیاڕە لە مانگی تشرینی دووەم، لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە بچێت".

هەروەها نووسراوێک کە لە ڕۆژی پێنجشەممە 29ـی ئابی 2024، لەلایەن دەستەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکرایەوە، کە حەوت بژاردەی لەخۆ گرتبوو، ئەویش ڕەنگدانەوەی هەڵوێستە جیاوازەکانی وڵاتانن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەگەری لە میانی کۆنفرانسەکەدا.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بڕیارە ئەم پارەدارکردنە نوێیە ئامانجدارە جێگەی پابەندبوونی ئێستای وڵاتانی دەوڵەمەند بگرێتەوە کە ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دابین بکەن.

لاوازترین وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ئامانجیان دابینکردنی بودجەیەکی زیاترە کە زۆر لە سەرووی 100 ملیار دۆلارەوەیە، بەڵام وڵاتانی بەخشەر وەک کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا دەڵێن، بودجەی نیشتمانییان کەمی کردووە.

هەروەها پێشینی دەکرێت، تا ساڵی 2050 بە هۆی قەیرانی کەشوهەواوە زیاتر لە 14 ملیۆن کەس بمرێت.

موختار باباییڤ سەرۆکی COP29 و وەزیری ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئێمە ڕێگەیەکی دوورمان بڕیوە، بەڵام هێشتا هەڵوێستی جیاواز بە ڕوونی هەیە و پێویستە لێکیان نزیک بکەینەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد "دانوستانی چڕ لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆنفرانسەوە ڕێک دەخرێت سەبارەت بە ئامانجی بودجە پێش ئەوەی کۆنفرانسەکە لە باکۆ بەڕێوە بچێت".

لە نووسراوەکەدا هاتووە "ئامانجیانە وڵاتانی پێشکەوتوو ساڵانە 441 ملیار دۆلار لە شێوەی یارمەتییەکان دابین بکەن، ئەمە جگە لەوەی ئامانجیان کۆکردنەوەی کۆی گشتی 1.1 تریلیۆن دۆلارە لە هەموو سەرچاوەکانەوە، بە پارەدارکردنی تایبەتیشەوە، لەسەر بنەمای ساڵانە لە نێوان ساڵی 2025 تا 2029، کە ئەم بژاردەیە گوزارشت لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیش دەکات".

بژاردەیەکی دیکە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی دانوستانکاری یەکێتیی ئەورویپایە و ئامانجێکی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهانی دادەنێت کە ساڵانە زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلارە، لەوانەش وەبەرهێنانی ناوخۆیی و وڵاتان و پارەدارکردنی تایبەت.

هەروەها یەکێتیی ئەورووپا داوای بەشداریکردنی چین لە پارەدارکردنی نوێی ئامانجدار دەکات. کە ئێستا چین گەورەترین پیسکەر و دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە.

ڕۆژی هەینی 1-12-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) لە شاری دوبەی کرد و لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێکرا.

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی: "چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ هەیە، خۆشحاڵم لە کۆپ28م بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو کارە گرنگانەی لە رێگەی هاوبەشییەکانمانەوە ئەنجامی دەدەین".