لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و بەشێکی زۆری قەزاکان بنکەی تۆماری بایۆمەتری مووچە کراوەتەوە
بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و چارەسەر کردنی کێشەکانی لیستی مووچە، وەزارەتی دارایی لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و بەشێکی زۆری قەزاکانی کوردستان بنکەی بۆ تۆماری بایۆمەتری مووچە کردۆتەوە.
خاوەن پێداویستیەکی تایبەت لە بنکەی تۆماری بایۆمەتریی لە بانکی حەمرین بەدوای ناوی خۆیدا دەگەڕا، لەناو لیستی ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان نەکردووە، تەحسین مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرێت، دەیەوێت مووچەکەی ئەویش وەک خانەنشیان لەڕێگەی بایۆمەتریەوە هاوتای مووچەخۆرانی عێراق بکرێت.
تەحسین ئەنوەر خاوەن پێداویستی تایبەت گوتی: وەکو کەمئەندامێک هاتووم بەدوای ناوەکەی خۆمدا بگەڕێم بۆ ئەوەی بایۆمەتریی بکەم، چونکە بایۆمەتریم نەکردووە، بەڵام ناوم تێیدا نییە، دەچم سەردانی بنکەی دیکە دەکەم بۆ ئەوەی بزانم ناوم لە کامە بنکە هاتووەتەوە بۆ بایۆمەتری کردنەکە، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەم کە مووچەی کەمئەندامیش وەکو خانەنشینان بخاتە سەر بوودجەی عێراق و بۆمانی زیاد بکات.
بەشێک لە بانکەکە کراوەتە بنکەی بایۆمەتری مووچەخۆران و ئەو کەسانەی بایۆمەتریان نەکردووە یاخوود کردوویانە و کێشە لە بایۆمەتریەکەیان دا هەیە، دەبێت دووبارە پرۆسەکە ئەنجام بدەنەوە، پرۆسەکەش بە چەند خولەکێک کۆتایی دێت .
سەفین خۆشناو هاووڵاتیەکە و دەڵێت: باوکم و شەهیدە و دایکم وارسی بوو، دوای وەفاتی دایکم، ئێستا راکان بە پیویستمان زانی بەشی خۆامن وەربگرین، بۆیە هەموومان بایۆمەتریی دەکەین کە زۆر ئاسانکاریی دەکرێت.
عەبدولکەریم یوسف ،کەمئەندامە و دەڵێت: پەنجەمۆرم کرد، لەگەڵ پشکنین چاوم و بایۆمەتریی.
لە 20ـی ئابی2024ەوە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و چارەسەر کردنی کێشەکانی لیستی مووچە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و بەشێکی زۆری قەزاکانی بنکەی بۆ تۆماری بایۆمەتری مووچە کردووەتەوە. بەڕێوبەری بانکی حەمرینیش دەڵێت: تا یەک مووچە خۆریش مابێت پرۆسەی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت.
محەممەد مەلا حەسەن بەڕێوبەری بانکی حەمرین گوتی: کەمئەندامان پێشتر سەرپەرشتیارەکانیان بایۆمەتریان بۆ کرابوو، بەڵام کە ئێستا تەمەنیان 18 ساڵی تەواو کردووە، دەبێ کەمئەندامەکە خۆی بێت و بایۆمەتریی بکات و کۆدە هاوتاکە بەخۆی دەدرێت.
سەبارەت بە خانەنیشینانیش، بەشێکیان کێشەی بایۆمەترییان هەیە لای ئێمە کە ژمارەیان نزیکەی هەزار و 300 کەس دەبێت، ئەوانەن ڕەنگە وارسیان گۆڕابێت یاخود خانەنشینەکە کۆچی دوایی کردبێت، میراتگرەکانی تا ئێستا مووچەکەیان وەرگرتووە و تۆمار نەکرابن لە بایۆمەتری و کۆدی بێگاوتایان نییە، ئەوەرش بەشێکە لە چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی ڕاسپێدراوە بۆ ئەوەی لیستی مووچە ڕێک بخرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تائێستا زیاتر لە 100 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە هەرێمی کوردستان بایۆمەتریان نەکردووە، لەکاتێکدا چەندین جار حکومەت بە فەرمی ئاگاداری کردونەتەوە دەبێ سەرجەم مووچەخۆران بایۆمەتری بکەن.