گۆهدار شێخۆ: گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری دەدەین

گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

دووه‌مین دیداری گه‌شتیاریی زاخۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؛ هاوكات سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوو 25 شوێنی گه‌شتیارییان له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه‌ و ڕێگه‌وبانه‌كان كه‌ ده‌چنه‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان نۆژه‌ن كردووه‌ته‌وه‌.

سێشه‌ممه‌، 10ـی ئه‌یلوولی 2024، گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تایبەت بە کوردستان24 گوتی: له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ماوه‌ی سێ ساڵه‌ كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ زاخۆ گرنگییه‌كی زیاتری پێ ده‌درێت.

گۆهدار شێخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ساڵ له‌ دوای ساڵ كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ زاخۆ به‌ره‌وپێش ده‌چێت و ژینگه‌ و ناوچه‌یه‌كی له‌ بار و گونجاوی بۆ ئه‌م كه‌رته‌ و ڕاكێشانی گه‌شتیاران هه‌یه‌.

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باسی له‌وه‌ش كرد، ئامانج له‌ دیداری گه‌شتیاریی زاخۆ ڕاكێشانی زیاتری گه‌شتیارانه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌رتی گه‌شتیاریی ئایینییش پێش بخه‌ن به‌تایبه‌تی كه‌ ناوچه‌كه‌ چه‌ندان شوێنی ئایینی له‌ خۆ گرتووه‌ و گه‌شتیاریی ئایینی ده‌توانێت سه‌ردانیان بكات.

بڕیاری بە ئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆ، یەکێک بوو لە بڕیارە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە وای کرد دەڤەری زاخۆ، دەستی ئاوەدانیی زیاتری پێ بگات و چەندین پرۆژە و خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات.

بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لەوەتی زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، کۆی گشتیی پرۆژەکان بریتییە لە 286 پرۆژە کە تاوەکوو ئێستا 218 پرۆژەیان تەواوبوونە، 68 پرۆژە لە جێبەجێکردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا دەچنە خزمەت هاووڵاتییان.

دابەشبوونی پرۆژەکانی ئیدارەی زاخۆ بەسەر سێکتەرەکاندا بەم شێوەیەیە؛ کەرتی شارەوانی، جێبەجێکردنی 90 پرۆژەی ڕێگە و پرد، لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا 17 پرۆژە، لە کەرتی ئاو، ئاوی ژێرزەوی و چاندن 45 پرۆژە، لە کەرتی تەندروستی 20 پرۆژە، لە کەرتی کارەبا 33 پرۆژە، لە کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار 16 پرۆژە و لە کەرتی فەرمانگەکانی حکوومەت و ئەوقاف 54 پرۆژە جێبەجێکراون.

ڕۆژی 20ـی ئەیلوولی 2021، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە شاری زاخۆ بەڕێوە چوو.

لە ماوەی پێنج ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حەوت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ دامەزراون و 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی، هەروەها 16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر نەبوون.

لە 81٪ـی شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیر کراون و گرنگترین ئەو پرۆژە ستراتیجییانەی زاخۆ کە لە ئاییندەدا جێبەجێ دەکرێن؛ بریتین لە دروستکردنی شەقامی (60 مەتری، ناوچەی پیشەسازی و بەنداوی ئانکۆ)، کە سوودێکی زۆری بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە دەبێت.

پێشتر گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، زاخۆ به‌ر له‌وه‌ی بكرێته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، ته‌نیا 35%ـی ڕێگه‌وبانه‌كانی قیر کرابوون، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌ كرد و خستیانه‌ به‌ر ده‌ستی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ په‌سەندی كرد و ئێستا 81%ـی ڕێگه‌وبانه‌كان قیر كراون و به‌رده‌وامیش ده‌بن.

گوهدار شێخۆ جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تادا پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی هاووڵاتییان جێبه‌جێ كرد و كاری جددیان كرد بۆ چاره‌كردنی كێشه‌ی ئاو، ڕێگه‌وبان، پاككردنه‌وه‌ و هه‌ر كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان.

بەپێی زانیارییەکانی وەبەرهێنانی زاخۆ، لە ئیدارەکە مۆڵەتی وەبەرهێنان دەدرێتە 48 پرۆژە، لە چوار ساڵی ڕابردووشدا 15 پرۆژەی وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون، یەکێک لەو کەرتانەش کە بە ڕێژەی 27% پرۆژەی تێدا جێبەجێ کراوە کەرتی گەشتیارییە، ئەمەش بووەتە هۆی هاتنی ڕێژەیەکی بەرچاوی گەشتیار و ساڵانە نزیکەی 400 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن.

هەروەها ڕۆژی 22ـی تەمموزی 2024، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا، بە گوژمەی 25 ملیۆن دۆلار، بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاریی بە ناوی "VIA PORT ZAKHO" دانرا.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کرد، یەکێک لەو پرۆژانەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێت، "پرۆژەی دەروازەی زاخۆیە" کە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 10 هەزار و 800 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت و سەدان هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەڕەخسێنێت.

زاخۆ، ده‌كه‌وێته‌ باكووری پارێزگای دهۆك، له‌ ساڵی 1864ـه‌وه‌ بووه‌ته‌ قه‌زا، ڕووبه‌ره‌كه‌ی هەزار و 209 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌ و ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له‌ 300 هه‌زار كه‌سه‌، جگه‌ له‌و ژماره‌یه‌، 90 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ری لێ ده‌ژیت.

قه‌زای زاخۆ له‌ شاره‌دێیه‌كانی (باتیفا، ده‌ركار و ڕزگاری) پێكهاتووه‌، له‌ سنووری قه‌زاكه‌ 187 گوند هه‌یه‌، 92 گوند ئاوه‌دان كراونه‌ته‌وه‌ و 95 گوندش به‌هۆی شه‌ڕی په‌كه‌كه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌.

ناحیه‌ی رزگاری، 49 گوند و پێنج كۆمه‌ڵگه‌ له‌خۆده‌گرێت، ناحیه‌ی ده‌ركایش 63 گوند و سێ كۆمه‌ڵگه‌ی تێدایه‌، ناحیه‌ی باتیفا 75 گوند و سێ كۆمه‌ڵگه‌ی تێدایه‌.

ناحیه‌ی باتیفا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆكه‌وه‌ پێشنیاز كراوه‌ تا ببێته‌ قه‌زا، پێشنیازه‌كه‌ش په‌سه‌ند كراوه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بێگۆڤا و گوندی ئاڤه‌گه‌نیێ ببنه‌ شاره‌دێی سه‌ر به‌ باتیفا. هەروەها پێشنیازی گۆڕینی ناحیه‌ی باتێل‌ بۆ‌ قه‌زاش هەیە، كه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای سێمێله‌، به‌ڵام ئیداره‌كه‌ی بۆ ئیدارەی زاخۆ بگوازرێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و هه‌نگاوه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ زاخۆ پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه‌ و ده‌روازه‌ی سنووری "ئیبراهیم خه‌لیل" له‌ سنووری ئیدارەی زاخۆیه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ توركیا ده‌به‌ستێته‌وه‌ و ڕێگه‌یه‌كی بازرگانی گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش.

زاخۆ چه‌ندین شوێنه‌واری‌ مێژووی‌ گرنگی هه‌یه‌،‌ كه‌ به‌ پێی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ مێژوویی‌ دهۆك، (159) شوێنه‌واری‌ مێژوویی له‌و قه‌زایه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌، له‌ گرنگترینیان (پردی‌ ده‌لال، كه‌لی‌ زاخۆ، كه‌لی‌ قوبادپاشا، شوێنه‌واری‌ كێسته‌).

زاخۆ له‌ باكووری‌ پارێزگای‌ دهۆكه‌، له‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ ئامێدی‌، ناوه‌ندی‌ دهۆك و قه‌زای‌ سێمێل له‌ باشوور و باشووری‌ ڕۆژئاوا، زاخۆ‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ باكووری‌ كوردستان.