لێکۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی دوو مووشەکەکەی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا دەکرێت

شانەیەکی ئەمنیی بەغدا لێکۆڵینەوە لەو هێرشە دەکات، کە لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەولەتی بەغدا ڕوویداوە.

چوارشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2024، شانەی ئەمنیی بەغدا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو هێرشە دەکات، کە لە نزیک فرۆکەخانەی نێودەولەتی بەغدا ڕوویداوە. ئاماژەی بەوەش دا، هیچ گەشتێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕانەگیراوە.

لای خۆیەوە جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی سەربازی لیواکانی حزبوڵڵای عێراقی، هێرشە مووشەکییەی فڕۆکەخانەی بەغدا، بە "گوماناوی" ناوبرد.

حوسێنی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی بەغدا لەم کاتەدا، دەستی گوماناوی لە پشتەوەیە و مەبەستیشی پەکخستنی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ بەغدا، داواش لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەین ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە تێوەگلاون.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەشەفەق نیوزی ڕاگەیاند، بۆردومانەکە ناوەندی لۆجستی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کردووەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، تا ئێستە نەزانراوە چ جۆرە مووشکێک بووە کە لە نزیک ناوەندی لۆجستی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کەوتووەتە خوارەوە و ئەوی دیکەش لە نزیک بارەگای دەزگای دژە تیرۆر بووە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دەوروبەری کاتژمێر 1:00ـی بەرەبەیان، سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمشەو فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان لەنێو فرۆکەخانەی بەغدا لەنزیک سەربازگەی "ڤیکتۆریا" کە هێزەکانی ئەمەریکای لێیە کەوتۆتەخوارەوە، بەڵام تا ئێستە زەرەروزیانەکان نەزاندراون.

لای خۆیەوە سەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا، ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کەوتووەتە خوارەوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، ئەو فڕۆکەیە لە نزیک ناوەندی لۆجستی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و لە نزیک بارەگای دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە.

هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستە هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

 

Fly Erbil Advertisment