مەسرور بارزانی لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول: شۆڕشێکی نیشتمانی و هەمەلایەنی کوردستان بوو

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شۆڕشی ئەیلوول "شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو". جەختیش دەکاتەوە، شۆڕشەکە لە پێناو داکۆکیکردن بووە لە خاک و خەڵکی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 63ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی "شۆڕشی مەزنی ئەیلوول" پەیامێکی بڵاو کردەوە و گوتی، "شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر".

یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، وەکوو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کردووە، ، "یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرانبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان".

دەقی پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

ئەمڕۆ شەست و سێ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر.

یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.

بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرانبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان.

لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرە بەشدارەکانی شۆڕش لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024/9/11