لە دیبەیتەکەی نێوان هاریس و ترامپ کێ بردییەوە؟

دۆناڵد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا شەوی ڕابردوو، ڕووبەڕووی کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان بووەوە. کۆمەڵێک تۆمەتیان ئاڕاستەی یەکتر کرد و باسیان لە دۆسیە ئابووریەکان و سیاسەتی دەرەوە و کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی کرد.

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکایە و پێشوتریش داواکاری گشتیی بووە، لە دیبەیتەکەدا هەوڵی ئەوەی دا دەنگی ئەو دەنگدەرانەی گومانیان هەیە بەدەست بهێنێت، کە زۆربەیان ئافرەت بوون، ئەویش بە قۆستنەوەی ئەو هەلەی کە ترامپ هەڵسوکەوتەکانی بێزارکەرە و سوکایەتی بە خەڵک دەکات.

کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی ترامپ ڕایگەیاند، دیبەیتەکەی دژی هاریس باشترین دیبەیتە بووە تا ئێستا. ترامپیش لە سۆشیال مێدیادا نووسیویەتی، "پێموایە تاوەکو ئیستا ئەمە باشترین دیبەیت بووە بۆ من".

کەمپەینی کامالا هاریس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئەمشەو، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس فەرماندەیی شانۆی دیبەیتەکەی کرد، لەسەر هەموو ئەو پرسانەی کە بۆ گەلی ئەمەریکا گرنگە، ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمەریکییەکان بە تەواوی بینیان کە کامالا هاریس چ جۆرە سەرۆکێک دەبێت، کەسێک کە ڕێگایەکی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات پێشکەش دەکات، دەبێتە سەرۆکێک بۆ هەموو ئەمریکییەکان و لە باوەشیان دەگرێت.

قسەی توند

ترامپ و هاریس لە یەکەم دیبەیتیان لە کەناڵی ABC، تۆمەتی توندڕەوی و خراپی ئەدای کارکردنیان لە پرسەکانی هەڵاوسان و لەباربردنی منداڵ و شەڕەکانی غەززە و ئۆکرانیا، دایە پاڵ یەکتری.

دیبەیتەکە گۆڕا بۆ هێرش کردنە سەر بەهاکانی یەکتر و ژیاننامەی کەسی و گشتییان، کە لە لایەنی سیاسی باسیان لە پرسەکانی ڕەچەلەک، چاودێری تەندروستیی، سیاسەتی وزە و گۆڕانی کەشوهەوا کرد.

ترەمپ دەستی کرد بە تۆمەتبارکردنی هاریس بە "مارکسیسزم"، لە کاتێکدا کاندیدی دیموکراتەکان وتارەکەی بەم شێوەیە دەست پێ کرد: "دەبوو ئەو گەندەڵیە پاک بکەینەوە کە ترامپ بەجێی هێشتووە."

لە میانی وتارەکەیدا، هاریس بەڵێنیدا کە ببێتە "سەرۆک بۆ هەموو ئەمەریکییەکان". لای خۆیەوە ترامپ ڕایگەیاند، دیموکراتەکان "پەیکەری وڵاتەکەمانیان لەناوبرد و ڕێژەی تاوانیش بەهۆی کۆچبەرانەوە بەرزبووەتەوە".

ئابووری

سەبارەت بەو پرسە ئابوورییەی کە پەیوەندی بە ئەمەریکییەکانەوە هەیە، هاریس گوتی: پلانێکم هەیە بۆ ئابووریی کە کەمکردنەوەی باج بۆ چینی ناوەڕاست لەخۆدەگرێت، بەڵام ترەمپ لە وەڵامدا گوتی کە ئەو بەرنامە ئابوورییەکەی بایدنی کۆپی کردووە.

ترامپ باسی لەوەش کرد، "یەکێک لە ئابوورییە گەورەکانی وڵاتەکەم دروستکردووە، دووبارە ئەو کارە دەکەمەوە"، لە کاتێکدا هاریس گوتی: پلانەکەی ترامپ هەڵاوسان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی پاشەکشەی ئابووری.

لەبارچوون

پرسی لەباربردنی منداڵ یەکێکی دیکەبوو لە قسە گرنگەکانی دیبەیتەکە کە بەلای ئەمەریکییەکان زۆر گرنگە، لەوبارەوە هاریس جەختی لەوە کردەوە، "سیاسەتی لەباربردنی منداڵ لەلایەن ترامپەوە سووکایەتیکردنە بە ئافرەتانی ئەمەریکا".

هاریس هێرشی کردە سەر ترامپ و گوتی: مافی فیدراڵییە کۆتایی بە لەباربردنی منداڵ بهێنێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، خزمەتێکی گەورەی کردووە بە دانانی سێ دادوەر کە دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی دۆسیەی 'ڕۆو ڤی وەید داوە'.

دادگاییکردنی ترەمپ

هاریس بەبیر بینەرانی هێنایەوە کە ترامپ "تاوانبارە"، سەرۆکی پێشووش وەڵامی دایەوە و گوتی "ئەوان دۆسیە یاساییەکان وەک چەکێک لە دژی من بەکاردەهێنن".

ترامپ دۆسیەکانی دژ بە خۆی بە "ساختە" وەسف کرد و ڕایگەیاند، هەوڵدان بۆ سەر ژیانی دەرئەنجامی قسە و باسەکانی دیموکراتەکانە کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دیموکراسی وێنا دەکات.

دۆسیە نێودەوڵەتییەکان

هەر لەدیبەیتەکەدا هاریس ڕایگەیاند، "بەهۆی پشتیوانی ئێمەوە، ئۆکرانیا هێشتا وڵاتێکی سەربەخۆیە و ئەگەر ترامپ سەرۆک بووایە، ئێمە "ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیامان لە کیێڤ دەدۆزیەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی پێشوو "هیچ نەدەبوو جگە لە نێچیرێکی ئاسانی پوتین".

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا وەڵامی دایەوە و هاریس و بایدنی تۆمەتبار کرد بە گرتنەبەری سیاسەتێکی نابەرپرسیارانە بەرامبەر بە ڕووسیا، هەردوو کاندیدەکەش یەکتریان تۆمەتبارکرد بە شکستهێنان و کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

پێشکەشکاری دیبەیتەکە 'دەیڤید مویر'، پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا ترامپ دەیەوێت کیێڤ لە شەڕی لەگەڵ مۆسکۆ سەربکەوێت، ڕاستەوخۆ وەڵامی نەدایەوە، بەڵام گوتی دەیەوێت شەڕەکە بوەستێت.

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا باوەڕی وایە سەرکەوتنی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی ئەمەریکادایە، ترەمپ باسی لەوەکرد: باوەڕم وایە کۆتاییهێنان بەم شەڕە لە بەرژەوەندی ئەمەریکادایە.

سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە، هاریس پشتگیری خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی لە ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل دەربڕی، لەکاتێکدا ترامپ خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەدزیەوە بە سادەیی گوتی: هاریس و دیموکراتەکان "ڕقیان لە ئیسرائیلە".

ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هاریس ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، "ئیسرائیل نامێنێت"، جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش وەڵامی دایەوە و گوتی تۆمەتەکەی بە ڕق لە ئیسرائیل "تەواو دوورە لە ڕاستییەوە"، کە بەدرێژایی ژیانی پیشەیی خۆی پشتگیری ئیسرائیلی کردووە.

لە دۆسیەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، کاتێک پرسیار لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کرا، کە ئایا هەست دەکات هیچ بەرپرسیارێتییەکی لە ئەستۆدایە لەسەر کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، هاریس وەڵامی دایەوە ڕایگەیاند، لە کاتی کشانەوەی ئەمەریکادا، ئاژاوەیەک ڕوویدا کە بووە هۆی کوژرانی 13 ئەندامی هێزەکانی ئەمەریکا لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابول.

هاریس ڕەخنەی لە ترامپ گرت لەسەر شێوازی دانوستانەکانی بۆ پلانی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان کە بریتی بوو لە دانانی 1ـی ئایاری 2021 بۆ کشانەوەی کۆتایی هێزەکان، کە دواتر جۆ بایدن بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و وادەیەکی بۆ دانا کە مانگی ئەیلوول هەماس ساڵ هێزەکانیان لە ئەفغانستان کشانەوە.

دیبەیتەکە کە 90 خولەکی خایاند، لەناو ناوەندی دەستووری نیشتمانی لە شاری فیلادلفیا بەڕێوەچوو، بەپێی ئەو ڕێسایانەی کە هەردوو کەمپەینەکە دانوستانیان لەسەر کردبوو، هەروەها لایەنگرانی هەردوولا ڕاستەوخۆ ئامادەی دیبەیتەکە نەبوون و مایکرۆفۆنی کاندیدەکانیش بێدەنگ کرابوو کاتێک نۆرەی قسەکردنیان نەبوو.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2024، دەبێتە 60ەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە رۆژی 5-10-2024 بەڕێوەبچێت.