ئەمەل جەلال: دیداری زاخۆ کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی گەشتییاری دەبێت

سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دیداری زاخۆ کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی گەشتییاری دەبێت و چیایی زاوا لەسەر ئاستی عێراق توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر گەشتییار بگرێتەخۆ و سەرنجی گەشتییاران بۆلای خۆی ڕاکێشێت.
چوارشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2024، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دیداری زاخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر هاتنی گەشتییار بۆ کوردستان، یەکێک لە ڕێگاکانی بە بازاڕکردن یان چالاکییە گەشتییارییە جیاوازییەکان، گرووپە گەشتییارییەکان، گۆڕینەوەی زانیاری و هاندانی گەشتییاران بۆ سەردانی کردنی ناوچە گەشتییارییەکان، ئەنجامدانی ئەمجۆرە دیدارانەیە.
سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزار دەڵێت: دیداری زاخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی کەرتی گەشتییاری، هەرچەندە زاخۆ خۆی بۆ خۆی شارێکی زۆر جوانە و پرۆژەی ناوازەی تێدایە. چیایی زاوا لەسەر ئاستی عێراق توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر گەشتییار بگرێتەخۆ، ئەمەش وایکردووە سەرنجی گەشتییار ڕابکێشێت.
دەشڵێت: دیداری زاخۆ بریتییە لە چالاکی جۆراوجۆر، چالاکی یەکەم گوتاری لایەنە پەیوەندیدارەکانە، دواتر پانێلێکە بەشداری لایەنەکان لە عێراق و لە کوردستان لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانی گەشتوگوزار لەم ناوچەیەدا زیاتر پەرەی پێبدەی و چۆن دەتوانین پەیوەندییەکانمان لەسەر عێراق و ناوچەکە فراوانتر بکەین، بەشێوەی ڕێکخستن کارەکان بکەین.
ئەمەل جەلال ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژی دووەمی دیداری زاخۆ، دروستکردنی کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەنی کۆمپانیا کوردییەکان و عێراقییەکانە. لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆیە زیاتر کار لەسەر کۆمپانیا جیاوازەکان و چالاکی و هەماهەنگی پێکەوە کارکردن و چۆنییەتی هاندانی گرووپە گەشتییارییەکانی عێراق و کوردستان بکرێت.