ئێران هەڕەشە لە چەند وڵاتێکی ئەورووپا دەکات

دوای ئەوەی یەکێتی ئەورووپا تارانی بەوە تۆمەتبار کرد کە مووشەکی کورت مەودای بۆ ڕووسیا ناردووە تاوەکو لە دژی ئۆکرانیا بەکار بهێنێت.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، کە ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو کارەی سێ وڵاتی ئەورووپایی گرتوویانەتەبەر، درێژەپێدەری سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕۆژئاوا و تیرۆریزمی ئابوورییە لە دژی گەلی ئێران. هەروەها ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی گونجاو دەبنەوە لەلایەن ئێرانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حکوومەتەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بە توندی ئیدانەی ناردنی مووشەکی بالیستیکی ئێران بۆ ڕووسیا دەکەن، هەر بەوهۆیەوە کاردەکەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر هێڵی ئاسمانیی ئێرانی "ئێران ئێیر".

هەرسێ وڵاتەکە لە بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاند، دەستبەجێ هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە دوولایەنەکانی خزمەتگوزاری ئاسمانی لەگەڵ ئێران دەنێن، هەروەها داواشیان لە تاران کرد دەستبەجێ ئەو پشتیوانییە ڕابگرێت کە پێشکەشی ڕووسیا دەکات لە شەڕی دژی ئۆکرانیا.

ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا مووشەکی بالیستیکی لە ئێرانەوە وەرگرتووە، کە پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت. ئاماژەی بەوەش دا، ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر دەسەپێنێت، کە هەندێک سزا هێڵی ئاسمانی ئێرانی دەگرێتەوە.

لای خۆیەوە کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە کە سزا نوێیەکان گەشتە ئاسمانییەکانی 'ئێران ئێیر' لە نێوان بەریتانیا و ئەورووپا و ئێران سنووردار دەکەن.