سوودانی و پزیشکیان: گرنگە پێکەوە ڕووبەڕووی ئالنگارییەکانی ناوچەکە ببینەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران جەخت لە گرنگیی کاری دوولایەنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکەنەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە پێشوازیی لێ کرا.
سەرۆککۆماری ئێران سەرەتا لە کۆشکی کۆماری لە بەغدا، لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆ بووەوە و دواتریش لە کۆشکی حکوومی، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و پزیشکیان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێ کراوە، "گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک دۆسیە و بابەتی گرنگ و هاوبەش بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاریی و هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات، کرا".
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران و گرنگیی کاری دوولایەنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە کردووەتەوە.
هەر لەو دیدارەکە، پزیکشیان تابلۆیەکی پێشکەش بە سوودانی کرد کە پەیامێکی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانی لە خۆ گرتبوو و تیایدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکوومەت و خەڵکی عێراق دووپات کردەوە بۆ پێشوازیکردنیان لە سەردانکەرانی چلەی ئیمام حوسێن.