پەرلەمانتارێک: سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق بەمەبەستی "لابردنی سنوورەکان"ـە
لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق بۆ "لابردنی سنوورەکان"ـە، هەروەها عێراقی بە پردی پەیوەندیی گرنگ لە نێوان ئێران و لوبنان و سووریا وەسف کرد.
ئەبو فەزل زەهراوەند ئەندامی لیژنەکە، لە لێدوانەکانیدا بە مێدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاند، سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق زۆر گرنگە، چونکە دراوسێمانە و ئێمە پەیوەندی ستراتیجیمان لەگەڵیدا هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم وڵاتە چەندین پرس و کێشەی هەیە کە چارەکردنی لە بەرژەوەندی ئێمەیە،بەڵام بەردەوامبوونی ئەو کێشانە دەتوانێت ببێتە هۆی پرسگەلێکی وەک نائاسایشی و بوونی هێزی تیرۆریستی و داعش.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق یەکێکە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی یەدەگی گەورەی نەوتە، ئێرانیش دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر کارا ببینێت لە بەڕێوەبردنی نرخەکان لە بازاڕدا بە هاوکاری ئەم وڵاتە.
ئەبو فەزل دەشڵێت: عێراق پردێکی گرنگە لە نێوان ئێران و سووریا و لوبنان، تاوەکو دەگاتە دەریای ناوەڕاست، هەروەها دەبێت لەم بوارەدا هاوکارییەکی زۆر نزیکمان لەگەڵ عێراق هەبێت، پێویستە دیدگایەک بۆ هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات دابڕێژرێت.
ڕوونیشیکردەوە، ئێران پردێکە بۆ بەستنەوەی ڕووسیا و چین بە باشوور و ڕۆژئاواوە، دەبێت بتوانین بەشێک لەو پەیوەندییە بە عێراقەوە ببەستینەوە و پێگەی عێراق کارابکەین بۆ ئەوەی ببێتە ڕێڕەوێک لەم بەشەدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ عێراق دەتوانێت هەنگاوێک بێت بۆ لابردنی سنوورەکان، چونکە عێراق پێویستی بە تواناکانی ئێمەیە و ئێمەش پێویستمان بە توانا و پێگەی عێراق هەیە.