وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق: خودا ئارامی و سرووشتی جوانی بە کوردستان بەخشیووە
لە ئاهەنگی دیداری گەشتیاریی زاخۆ، ئەحمەد فەکاک، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق گوتی: خودا ئارامی و سرووشتی جوانی بەکوردستان بەخشیووە، پێویستە بە بازاڕکردنێکی گەورە بۆ گەشتیاریی کوردستان بکرێت.
چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، ئەحمەد فەکاک ، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق لە ئاهەنگی دیداری گەشتیاریی زاخۆ گوتی: ئەمڕۆ ئێمە لەو کەنەڤاڵە جوانە، لەو شارە جوانە بەشدارین، زاخۆ تەنها شارێکی گەشتیاریی نییە، بەڵکو بووەتە پردی بەهێزی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا . گوتی: زاخۆ شارێکی زۆر جوانە وەکو هەموو شارە جوانەکانی دیکەی کوردستان، خودای گەورە سروشتی جوان و ئارامیی بە کوردستان و زاخۆ بەخشیووە؛ شارەکە خەڵکی ڕۆشنبیریی تێدایە، ئەو هەموو جوانیانە لەو شارە، بەخششی خودایە، وێڕای هەموو جوانییەکانی کوردستان هێشتا هەر لە پێشکەوتنەکانی بەردەوامە.
گوتی: گەشتیاریی لە عێراق جۆراجۆرە کە وڵاتی دوو ڕووبارە، لانکەی یەکەم مرۆڤایەتییە، پێویستە بە هاوبەشیی بازاڕ بۆ گەشتیاریی لە هەموو عێراقدا دروست بکەین کە بەرژەوەندیی هەردوولای تێدا بێت، گەشتیاریی بەو شێوەیە پێش دەکەوێت. خەڵکی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان و شوێنەوارەکان دەبینن، پێویستە وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریی بکرێت، زۆر شوێنەواریی گرنگی عێراق نەبینراون، پێویستە کاری بەبازاڕکردنیان بۆ بکرێت کە شارستانییەتی ئەو وڵاتەیە.
لەدوا قسەشیدا گوتی: ئێمە بەیەکەوە کار دەکەین و کاری بەبازاڕکردن بۆ کەرتی گەشتیاریی دەکەین.