ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی فیدراڵ: ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییانه‌ی دراونه‌ته‌ پاڵ حه‌یده‌ر حه‌نوون، ساخته‌ن

دەستەی دەستپاکیی عێراق
دەستەی دەستپاکیی عێراق

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی فیدراڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تۆماره‌ ده‌نگییه‌كان كه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌، ساخته و دروستكراون؛ ده‌شڵێت،  سبه‌ی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕاستییه‌كان ده‌خرێنه‌ ڕوو.

چوارشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2024، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی فیدراڵی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییانه‌ی كه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ حه‌یده‌ر حه‌نوون، سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌، ڕه‌ت كرده‌وه‌ و به‌ ساخته‌ و دروستكراو له‌ قه‌ڵه‌می دا.

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، گه‌نده‌ڵكاران دوای ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كانیان كرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌ و سزا بدرێن، له‌ ڕێگه‌ی تۆماری ده‌نگیی ساخته‌وه‌ په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر ناوزڕاندنی حه‌یده‌ر حه‌نوون و هاوكار و هاوپیشه‌كانی.

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ ساختانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕێگه‌ له‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ بگرن له‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت.

هاوكات ده‌سته‌ی ناوبراو باسی له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌وانه‌ی په‌نایان بۆ چه‌واشه‌كاری و ساخته‌كارییه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ بردووه‌، ڕووبه‌ڕووی لێپرسیه‌وه‌ و سزا ده‌بنه‌وه‌.

ڕوونیش كراوه‌ته‌وه‌، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا هەموو ئه‌و چه‌واشه‌كاری و ساخته‌كارییانه‌ ده‌خرێنه‌ ڕوو و ڕاستییه‌كان ئاشكرا ده‌كرێن.