شرۆڤه‌كارێكی سیاسی: ئەوەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بەرانبەر بە کوردستان24 کردی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره

K24 – هەولێر:
دوای ئه‌وه‌ی تیمێكی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق له‌ناو ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌زگا مێدیاییه‌كاندا ته‌نیا ڕێگه‌ی به تیمی كوردستان24 نه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ڕووماڵی هاتنی سه‌رۆككۆماری ئێران بكات و ڕایگه‌یاندبوو، كه ئه‌وانه‌ی ڕێگه‌یان پێدراوه، له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ئێرانه‌وه مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه، به‌ڵام وه‌ك په‌یامنێری كوردستان24 دووپاتی كرده‌وه، له لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌و پاساوانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار دوورن له ڕاستییه‌وه.
له سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆككۆماری ئێران بۆ به‌غدا و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق، تیمێكی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار له‌ناو چه‌ندین ده‌زگای مێدیایی ته‌نیا ڕێگریی له تیمی كوردستان24 کرد، پاساوه‌كه‌شیان ئه‌وه بووه، گوایە ئه‌و ده‌زگایانه‌ی ڕێگه‌یان پێدراوه، مۆڵه‌تیان له سه‌رۆكایه‌تیی ئێران وه‌رگرتووه، به‌ڵام وه‌ك په‌یامنێری كوردستان24 ده‌ڵێت، دوای لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و پاساوانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاستی نییه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته، په‌یامنێری کوردستان24 ده‌ڵێت: سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار به دیدگایه‌كی حزبی و دوور له پیشه‌ییبوونی كاری ڕۆژنامه‌وانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخانه‌دا ده‌كات و ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه ڕێگریی له تیمی كوردستان 24 ده‌كات، تێڕوانینی هه‌ر ده‌زگایه‌ك پێچه‌وانه‌ی دیدگای حزبیی ئه‌وان بێت، ڕێگه‌ی ڕۆماڵكردنی ڕووداوه‌كانی پێ ناده‌ن.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه ئه‌ركان حه‌مدانی- شاره‌زای سیاسی، ئه‌و ڕێگریكردنه له ستافی كوردستان 24 ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، ئازادیی ڕۆژنامه‌وانی بنه‌مایه‌كی ده‌سته‌به‌ركراوی یاسایی و ده‌ستووری عێراقه و ده‌زگا مێدیاییه‌كان و ڕۆژنامه‌نووسان مافی ڕه‌هایان پێ دراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆنفرانس و ڕووداوه فه‌رمییه‌كاندا ئاماده بن.
ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار كاردانه‌وه‌ی توندی به‌دوای خۆیدا هێناوه و له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگریی له ئازادی ڕۆژنامەوانی عێراقی ده‌ڵێت: ڕێگریكردن لە دامەزراوەی کوردستان24 سه‌ركۆنه ده‌كه‌ین و به پێشێلکاریی بۆسەر ئەو ئازادیانە ده‌زانین، کە لە دەستووردا دەستەبەرکراون و به‌كارهێنانی ویستی تاكه‌كه‌سی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسان سەرکۆنە ده‌كه‌ین.