ئەمڕۆ پزیشکیان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2024، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سەرۆککۆماری ئێران دەگاتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ دەکرێت.

بڕیارە لە دیدار و کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆککۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بکرێت.

پەیامنێری کوردستان24 ڕاشیگەیاند، دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، مەسعوود پزیشکیان سەردانی شاری سلێمانی دەکات.

لەبارەی سەردانی پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان، محەممەد مەحموودیان، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: سەرەڕای دیدار و کۆبوونەوە زۆرەکانی له‌ بەغدا، بە خۆشییەوە مه‌سعوود پزیشكیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی لە هەولێر دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.

گوتیشی: سەردانی سەرۆککۆماری ئیران بۆ هەرێمی کوردستان هەڵگری پەیامێکی گرینگه‌ بۆ هەموو لایەنەکان. پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی و شارستانی و کەلتووریی هەیە.
سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی هه‌روه‌ها راشیگەیاند "دڵنیاین هەوراز و نشێوی کاتیی لەم پەیوەندییانەدا، خەوش ناخاتە سەر پەیوەندییەکانمان، وەک لە بەغدا سەرۆککۆماری ئێران بە ژمارەیەک لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان باشە و ئێمە بەدوای باشترکردنی ئەم پەیوەندییانەوەین".

دوێنێ چوارشەممە 11ی ئەیلولی 2024، مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە. دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی نێوانیان محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان کرد، سوودانی لە کۆنگرەکەدا گوتی: 14 یاداشتی لێکگەیشنمان لەگەڵ ئێران مۆر کرد.