ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق و هەرێمى کوردستان: لێژنەیەکی هاوبەش بۆ لادانی بازگەکانی گومرگی پێک دەهێنرێت

لە ئەنجامى کۆبونەوەى نێوانیان، هەردوو ئەنجوومەنى ئابوورىی عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر ئەوە ڕێککەوتون کە لیژنەیەکى هاوبەش بۆ لادانى بازگەکانى گومرگى لە نێوان شارەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق پێک بهێنرێت.

سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى سلێمانیش پێىوایە ئەم بڕیارە  تەواو بە سوودى بازرگانانى هەرێمى کوردستانە و جووڵەى ئابووریش زیاتر دەکات.

ئەم کۆبوونەوەیە توانى زۆر گرفت چارە بکات، بە تایبەت گرفتى ئەو بازگە گومرگیانەى  لەنێوان هەرێمى کوردستان و شارەکانى دیکەى عێراق دانرابوون، بۆ هەناردە کردنى کاڵا لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ خواروو ناوەڕاستى عێراق بووبوونەتە ئاستەنگ، شاندى هەردوولا ڕێککەوتن کە لیژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ لابردنى بازگەکان. ژوورى بازرگانى و پیشەسازىی سلێمانى لە ڕابردوودا چەندان جار داواى لابردنى ئەو بازگانەى کردووە.

نەوزاد غەفوور، سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازىی سلێمانى ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمە کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی تری عێراق لەبەر ئەوەی ئێمە زۆربەی بازرگانەکانمان لەسنوورەکانی خۆمانەوە کاڵا و کەلوپەل دابین دەکەن، لەبەر ئەوەی گەنجینەکانیان لێرەیە و لێرەوە دابەشی دەکەن بەسەر شارەکانی تری عێراقدا، کە نوێنەری هەیە بۆ فرۆشتنی کاڵاو کەلوپەلەکانیان و ساغ کردنەوەیان.

بەردەوامبوونى ئەو بازگانە وایکرد، ئەو کاڵایانەى کە هەناردە دەکرا باجى زیاتریان بچێتە سەر، بە تایبەت بەرهەمى کارگەکان، بۆیە نەدەتوانرا بە شێوەیەکى فراوان کاڵاکان هەناردە بکرێت، بەڵام دواى ئەو ڕێککەوتنە دەتوانرێت بەرهەمى خۆماڵى لە هەرێمى کوردستان زیاتر بکرێت و بە ئاسانی هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.

مستەفا ڕەحمان، سەرۆکى یەکێتىی هاوردە و ناردنکارانى هەرێمى کوردستان، دەڵێت: جێگای دڵخۆشیە کە ئەو شاندەی حکوومەتی عێراق هاتووە بۆ هەولێر و لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری دانیشتنێکیان کردووە وە سەرۆکی حکوومەت کە لەوێ پێداگریی کردووە لەسەر هەندێک شت، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت هەناردەی زیاتر بێت بۆ ناو عێراق، بۆ ئەوەی ئەو بازگانە لا ببرێن، لابردنی ئەو بازگانەوە دەورێکی کاریگەری زۆر باشی دەبێت بتوانرێت ئەو کاڵایانە بە ئاسانی، بە بێ ئەوەی گومرگ بکرێ ببرێنە ناو شارەکانی تری عێراق.

پێکهێنانی لیژنەیەک لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی بازگەکانی گومرگی لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە بڕوای بازرگانان هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی کار ئاسانی زیاتر بۆ هەناردە کردنی کاڵا بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئەو بازگانەوە ڕوبەڕوی چەندین گرفت بوونەتەوە.