سەرۆک بارزانی بانگهێشتی تاران کرا

دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران

پزیشکیان بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە چوارچێوەی سەردانەكەی سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-09-2024، لە شاری هەولێر، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرایەوە".

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەردانیكردنی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران".

 

دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران

 

نزیکەی کاتژمێر 08:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-09-2024، مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.

سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێم کۆ بووەوە. دواتریش بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.