نێچیرڤان بارزانی بۆ پزیشکیان: هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران

نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان
نێچیرڤان بارزانی و مەسعود پزیشکیان

نێچیرڤان بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى عێراق و ئێرانە.

به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 12-09-2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر، پێشوازيى له‌ مه‌سعود پزشكيان، سه‌رۆككۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندى ياوه‌رى كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لە كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، د. فوئاد حسێن جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسانى باڵاى هه‌ردوولا؛ "نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌، يه‌كه‌م سه‌ردانى سه‌رۆككۆمارى ئيسلاميى ئيرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ په‌يامێكى به‌هێزى دۆستايه‌تيى نێوان هه‌ردوولا له‌ قه‌ڵه‌م دا".

نێچیرڤان بارزانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نيشان دا‌". هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ ‌ "گه‌لى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ پشتگيرى و هاوكاريى ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا ده‌ڕوانێت".

لاى خۆيه‌وه‌ سەرۆککۆماری ئێران "خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى" و دووپاتى كرده‌وه‌ "كۆمارى ئيسلاميى ئێران به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت و وڵاته‌كه‌ى خوازياره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵياندا به‌ره‌وپێش ببات و گرفت و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى، نه‌هێڵن".

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هه‌ردوولا ستايشى په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ و له‌مێژينه‌ى ئێرانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌كانى سياسى، كۆمه‌ڵايه‌تى و كولتووريدا كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا سه‌رۆكوه‌زيران مەسرور بارزانی و جێگرى سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، باسيان له‌ ئاستى ئێستاى په‌يوه‌نديى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چۆنيه‌تيى فراوانكردنيان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرد.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و باسيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ كرايه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى عێراق و ئێرانه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ به‌شداريى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندى ياوه‌رى، ديدارێك له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى كوردستان بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا "باس له‌ بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و ده‌وڵه‌مه‌نديى كۆمه‌ڵگه‌ فره‌ئايين و فره‌نه‌ته‌وه‌كان كرا و هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ ئاشتى، پێكه‌وه‌ژيان، ته‌بايى و برايه‌تيى نێوان گه‌لانى ناوچه‌كه‌ و ته‌واوى پێكهاته‌كان كرده‌وه‌".