وردەکاریی هێرشی هێزە تایبەتەکەی ئیسرائیل بۆ ناو خاکی سووریا ئاشکرا کرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مێدیاکانی ئیسرائیل وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان ئاشکرا کرد، کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیلەوە لە سووریا کراوە، ئەویش هێرشکردنە سەر بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران بووە.
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لەناو خاکی سووریا کردووە و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک سەرباز بوونەتەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە ڕایگەیاندووە، هێرشەکەی ئیسرائیل لە ڕێگەی هێزێکی تایبەتەوە بووە، کە لە فڕۆکە دابەزیوون بۆ ناو خاکی سووریا و دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک سەرباز تووشی پێکدادان بوونە و دوو کەسایەتیی ئێرانییان دەستگیر کردووە.
بەگوێرەی کەناڵی 14 و ڕۆژنامەی هارتز، هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل کە دزەیان کردۆتە ناو سووریاوە توانیان دەست بەسەر دۆسیە و بەڵگەنامەکانی باڵەخانەیەکی سوپای پاسدارانی ئێراندا بگرن و باڵەخانەی توێژینەوەی زانستییان بڕووخێنن.
ئەم سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە کە هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی سەر بە سوپای سوریایان لەناو بردووە، کە تیایدا پیشەسازییە سەربازییە تەکنەلۆجییە بەرزەکان، بە هاوکاریی ئێران پەرەیان پێ دەدرێت.