پۆلیسی هەولێر بەهۆی شەڕی نێوان دوو خانەوادە، حەوت کەسی دەستگیر کرد

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، حەوت کەسیان لەسەر کێشەی نێوان دوو خانەوادەی کۆمەڵگەی کاوەی سەر بە قەزای قوشتەپە دەستگیر کرد.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی لە کۆمەڵگەی کاوەی سەر بە قەزای قوشتەپە دەمەقاڵی و شەڕ لە نێوان دوو خانەوادەدا دروست بوو، دەستبەجێ هێزەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کەوا ئەو دوو خانەوادەیە لەسەر کارپێکردنی بیری ئاو بووەتە دەمەقاڵییان و دواجار توندوتیژیی لێ کەوتووەتەوە و بە چەقۆ یەکتریان زامدار کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو، لە شەڕەکەدا چەند کەسێک بریندار بوون و، حەوت کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لەو کێشەیە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیر کران، کە دووانیان برینەکەیان سەختە و لە ژێر چاودێریی ورد و چڕی پۆلیس و تیمە پزیشکییەکاندان.