مونا قەهوەچی: پێکهاتەکانی کوردستان موڵکی هیچ حزبێک نین
K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان وای کردووە هەرێمی کوردستان هەمیشە سەقامگیر بێت و داکۆکی لە مافی پێکهاتەکانیش دەکات، هەروەها دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان ناکات.
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی ئێکسی کوردستان24ـدا کە کۆڤان عززەت پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند، لە سلێمانی وەک پارتی چاکسازیی تورکمان هیچ کاندیدێکیان نابێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هەفتەی داهاتوو یەکلا دەبێتەوە کە لە شارەکە پاڵپشتی لە کام کاندید دەکەن.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، دەڵێت: پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حزبێکی دیکە نین و خاوەنی ئیرادە و دەسەڵاتی خۆیانن، هەروەها بڕیاری دادگای فیدراڵی بەمەبەستی لاوازکردنی پێکهاتەکان دەرکرا.
باسی لەوە کرد، "پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن پێگە و جەماوەرێکی زۆرە و پێویستی بە کورسی پێکهاتەکان نییە، ئێمە هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانین."
مونا قەهوەچی، جەختی لەوە کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان وای کردووە هەرێمی کوردستان هەمیشە سەقامگیر بێت و داکۆکی لە مافی پێکهاتەکانیش دەکات، هەروەها دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان ناکات.
ئاماژەی بەوەش کردەوە، یەکێتی دەستوەردانی لە کاروباری پێکهاتەکان کردووە، هەروەها دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە تایبەت هی پێکهاتەکان بەهۆی سکاڵاکەی یەکێتی بووە لە دادگای فیدراڵی.