ترامپ: بەهیچ شێوەیەک دیبەتی دیکە ناکەم
دۆناڵد ترامپ، کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دیبەیتێکی دیکە لە نێوان ئەو کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونادات.
ترامپ لە پێگەی "truth social" نووسیویەتی: کاتێک بۆکسێنەرێک لە شەڕێکدا دۆڕا، یەکەم وشە کە لە دەمی دێتە دەرەوە ئەوەیە، "دەمەوێت دووبارە شەڕ بکەمەوە" ڕاپرسییەکان بە ڕوونی دەریانخست کە من سەرکەوتنم بەدەستهێنا لە دیبەیتەکەدا لەگەڵ کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان، هەر بۆیە ئەو دەستبەجێ داوای دیبەیتی دووەمی کردووە.
ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە هاریس ڕازی نەبووە بەو دیبەتە لە کەناڵی "فۆکس"، هەروەها کەناڵەکانی "ئێن بی سی و سی بی ئێس"ش بۆ دیبەیت ڕەت کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: کامالا دەبێت سەرنجی لەسەر ئەوە بووایە کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بیکردایە و هەروەها دەبوو بزانێت هیچ دیبەیتێکی سێیەم ناکرێت.
دیبەیتی نێوان دۆناڵد ترامپ و کامالا هاریس ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە کەناڵی ئەمەریکی بەڕێوەچوو. ئەمە یەکەم دیبەیتی ئەوان بوو، هەروەها ترامپ پێش ئەوەی جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بکشێتەوە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ دیبەیتی لەگەڵ کردووە.
بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس دەنگەکانیان لەیەکترەوە نزیکن و چاوەڕێی ڕکابەرییەکی سەخت دەکرێت.