عیماد جەمیل: سەدا 91ـی کارتەکانی بایۆمەتری دابەشکراوە

کارتی دەنگدان
کارتی دەنگدان

بۆ جاری دووەم، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تاقیکردنەوەی گواستنەوەی دەنگەکانی لە هەولێر کرد و لە دوا قۆناغی ئامادەکارییەکان نزیک دەبێتەوە.

سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆن دەڵێت: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنێکی نموونەیی دەبێت و ئامێرەکان سەرجەم تاقیکردنەوەکانیان تێپەڕاندووە.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی ناردنی دەنگەکان کراوە، پڕۆسەکە سەرکەوتوو بووە و ئامێرەکان هیچ کێشەیەکیان نەبووە، لە تاقیکردنەوەکانی پێشووشدا هەمان ئەنجام تۆمار کراوە، ئامانجی ئەم کارە دیاریکردنی کێشەکانە، ئەوانیش چارە کراون، جگە لەوەش ئامێرەکان هیچ بوارێکیان بۆ ساختەکاریی نەهێشتووەتەوە، چونکە بە هەموو شێوەیەک دەستی مرۆییمان لە پڕۆسەکە دوورخستووەتەوە".

ڕێژەی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان سەدا 90ـی تێپەڕاندووە و کۆمیسیۆن پێشبینی دەکات، لە ماوەی داهاتوودا تەواوی کارتەکان دابەشبکرێن، بۆ ئەو مەبەستە بنکەکان لە دابەشکردنی کارتەکان بەردەوامن.

عیماد جەمیل گوتیشی: "سەدا 91ـی کارتەکانی بایۆمەتری کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و 690 هەزار کارت دابەشمان کردووە، لە کۆی نزیکەی 2 ملیۆن و 899 هەزار دەنگدەر کە لە رێگەی کارتەوە دەنگدەدەن، ئێستەیش لە دابەشکردنی کارتەکان بەردەوامین و نزیکەی 200 هەزار کارت ماون دابەش بکرێن، ئەوانیش لەم ماوەیەدا تەواو دەکرێن"

20ـی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و کۆمیسیۆنیش لە دوا قۆناغی ئامادەکارییەکاندایە، چاوەڕێش دەکات هەڵبژاردنێکی نموونەیی و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەببات.