کۆشکی سپی لەسەر کوشتنی شەش کارمەندی ئۆنروا داوای ڕوونکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ ڕوونکردنەوە سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل لە غەززە کە بووە هۆی کوژرانی کارمەندانی "UNRWA".
ئاژانسی ئۆنروا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئیسرائیل دوو هێرشی ئاسمانی کردە سەر قوتابخانەیەک لە ناوەڕاستی غەززە، کە بەوهۆیەوە شەش کارمەندیان کوژراون.
ئاژانسی ئۆنروا، لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' بڵاوی کردەوە، "ئەمە زۆرترین ژمارەی مردنی کارمەندەکانمانە کە لە یەک ڕووداودا کوژرابن، گوتیشی: لە نێو کوژراوەکاندا بەڕێوەبەری پەناگەی 'ئۆنروا'ـی تێدابووە و ئەوانی دیکەش هاوکارییان بۆ ئاوارەکان دەکرد".
ڕۆژی پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل ناوی نۆ کەسی ئاشکرا کرد کە بە گوتەی خۆی چەکدارانی حەماسن کە لە دوو هێرشی ئاسمانیدا بۆ سەر غەززە کوژراون، دوای ئەوەی ئۆنروا ڕایگەیاند، کە شەش کارمەندیان کوژراوە و سێشیان حەماس بوون بەڵام کارمەندی ئۆنروا بوونە.
لای خۆیەوە، جولێت تۆما، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە ئۆنروا گوتی: دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل داوای لیستی ناوی ئەو کارمەندانەی لە ئاژانسەکە نەکردووە کە لە هێرشەکەی سەر قوتابخانەکەدا کوژراون، کەچی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە داواکارییەکی لەو شێوەیەیان پێشکەش کردووە.
تۆما ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو ناوانەی لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتوون، پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە پێمان نەگوتراوە".