جووتیارێکی کوردستان باخی هەناری بەرهەمهێناوە لە ئێستەوە بەرهەمەکەی خستووەتە بازاڕەوە

جووتیارێکی نموونەیی لە ئیدارەی ڕاپەرین جۆرێک باخی هەناری بەرهەمهێناوە لە ئێستەوە پێگەیشتووە و بەرهەمەکەی خستووەتە بازاڕەوە.

بڕیار سابیر، دەرچووی زانکۆیە و لە کەرتی گشتی دانەمەزراوە، دەڵێ: هیچ کەسێک بە مووچە دەوڵەمەند نابێ، بۆیە لە سفرەوە دەستم بەکاری ئازاد کردووە.

ئەو جووتیارە نموونەیە دەشڵێت: چەند جۆرێک هەنارمان چاندووە هەریەکێکیان لەکاتێک پێدەگات بەو جۆرە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکەمان باشترە. دەشڵێت؛ هەناری باخێکمان ئێستە پێگەیشتووە و خستومانەتە بازار و پارەی باش دەکات.

بریار سابیر،  باخەوان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە زانستی ئابووریدا گوتەیەک هەیە دەڵێت؛ "هەموو هێلکەکانت مەخە ناو یەک سەبەتەوە، چونکە ئەگەر ئەو سەبەتە شکا هەموو هێلکەکانت دەشکێن، بۆ یە باشترە لەناو چەند سەبەتەیەک دابنرێت بۆ ئەوەی ئەگەر یەکێکیان شکا، ئەوانی دیکەت بۆ بمێنێتەوە"، ئێمە باخداری بەو شێوازە دەکەین، هەموو باخەکەمان بە یەک جۆر هەنار دانەچاندووە، بەڵکو بە چوار جۆر هەنارمان تێدا داچاندووە، بۆ نموونە؛ پێن دۆنم زەوی دەکەینە هەناری شیرین، پێنجی دەکەینە هەناری ساڵە وەخت، پێنجیش دەکەینە هەناری ئەمەریکی، واتە بەو شێوازە باخداری دەکەین.

بڕیار ئەگەرچی خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە بەڵام جوتیارێکی نمونەییە و بیری لەدامەزراندن نەکردۆتەوە و خۆی بۆ کاری کشتوکاڵ و باخداری تەرخان کردووە ، ئەو جگە لە باخەکانی خۆی ساڵانە دەیان هەزار شەتڵی داری بەردار بەرهەم دێنێ و سەرپەرشتی لێدانی باخی نمونەیی بۆ جوتیارانی تر دەکات .

دەشڵێت: ئەگەر مرۆڤ بییەوێ هەرگیز ناتوانێت بە مووچەی مانگانە و دامەزراندن خۆی پێبگەیەنێت، پێویستە  بێتە ناو بازاڕ جارێک دووان بۆ دە جار زەرەر بکە، لە هەڵەکان وانە فێرببە، دواتر کارێک دەکەی و تێیدا سەرکەوتوو دەبی، جگە لەوەی پارەیەکی باش بەدەست دەهێنێت، بە بەرامبەر مووچە خۆرێک، وەبەرهێنانیش لە کارەکەتدا دەکەیت و ئازادیشیت.

بەهۆی گرنگیدانی حکوومەت بە ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، ئێستە کەرتی کشتوکاڵ لەسەرەتایەکی باشی بوژانەوەدایە و وایکردووە جوتیاران گرنگی پێ بدەن .

بریار سابیر، باخەوان ڕاشیگەیاند، "باشترین کار بۆ هەر کارێکی بازرگانی دۆزینەوەی بازاڕە، ئەم چەند ساڵە دەبینین پەتاتە و هەنار و بەرهەمەکانی دیکەی کوردستان هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە، ئەوەش گرنگییەکی باش و سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی جووتیار دەستبکات بە بەخداری بۆ ئەوەی کاری جووتیاری و بەرهەمی خۆمانە ببوژێتەوە.

هەنار یەکێکە لەو میوانەی چەند ساڵێکە جوتیارانی هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتری پێ دەدەن ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەناردەکردنەوە بازاڕی بۆ بەرهەمی جوتیارانی کوردستان دۆزیوەتەوە، و ساڵانە جگە لە ساغکردنەوەی لەناوخۆدا  وەک بڕاندێکی کوردستانی هەزاران تۆن هەنار ڕەوانەی دەرەوە دەکات.

Fly Erbil Advertisment