کۆنگۆی دیموکرات بەتۆمەتی کودەتا سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ ئەمەریکی و 34 کەسی دیکەدا سەپاند
ڕۆژی هەینی، دادگای سەربازیی کۆنگۆی دیموکرات، 37 کەسی بە تۆمەتی تێوەگلان لە هەوڵی کودەتا، سزا دا، کە سێ کەسیان ئەمەریکی بوون و سزای لە سێدارەدانیان بۆ درا.
تۆمەتبارەکان بەریتانی و بەلجیکی و کەنەدی و چەند کۆنگۆیەک و سێ ئەمەریکین، کە دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن بە تۆمەتەکانی تیرۆر، کوشتن و پەیوەندی تاوانکاری. لە دادگاییکردنەکەدا کە لە مانگی حوزەیران دەستی پێ کرد، 14 کەس بێتاوان دەرچوون.
لە میانی هەوڵە شکستخواردووەکەی کودەتاکە کە بە سەرۆکایەتی کریستیان مالانگا لە مانگی ئایاردا کرا، کۆشکی سەرۆکایەتی و هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆککۆمار فیلیکس چێسێکێدی کرابوونە ئامانج، شەش کەس کوژران.
سوپای کۆنگۆ ڕایگەیاند، مالانگا، لەکاتی بەرەنگاربوونەوەدا کوژراوە، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە پەخشکردنی ڕاستەوخۆی هێرشەکە لە سۆشیال مێدیای خۆی.
ئەو سێ ئەمریکییەی کە سزادراون بریتین لە مارسێل مالانگا تەمەن 21 ساڵ، تایلەر تۆمپسۆن و بنیامین ڕوبێن زالمان.
ڕیچارد بۆندۆ، ئەو پارێزەرەی بەرگریی لە شەش بیانییەکە کردووە، پرسیاری لە ئەگەری سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ کردووە و گوتویەتی: بریکارەکانی وەرگێڕی پێویستیان نەبووە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا. گوتیشی تانە لەو بڕیارە دەدەین.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ماتیۆ میلەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، حکوومەتی فیدراڵی ئاگاداری ئەو بڕیارەیە، بەڵام ڕای نەگەیاندووە کە ئەو سێ ئەمەریکییە بە ناڕەوا دەستبەسەر کراون، ئەمەش بەو مانایەیە کە پێناچێت بەرپرسانی ئەمەریکی هەوڵی دانوستان بۆ گەڕانەوەی ئەو سێ ئەمەریکییە بدەن.
میلەر ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە تێدەگەین کە پرۆسەی یاسایی لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات ڕێگە بە تۆمەتباران دەدات تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدەن".