ئەم هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان: دوو کاندید کێشەیان هەیە

مەروان محەممەد بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
مەروان محەممەد بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لەم هەفتەیەدا دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت.

مەروان محەممەد گوتیشی: دوو  کاندید کێشەیان هەیە لەم دوو ڕۆژەدا دەبێت کێشەکانیان چارە بکرێ یان لایەنەکانیان کەسی دیکە لە جێگەیان دابنێن، دوای پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان ڕاستەوخۆ دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت.

هەروا ڕایگەیاند، ماوەی بانگەشە تاوەکوو 24 کاتژمێر بەر لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی وادەی دیاریکراو بڕیارە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و تاوەکوو ئێستا لیست و ناوی کاندیدانی پارتە سیاسی و سەربەخۆکان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق یەکلایی نەکراوەتەوە.

هەروەها بە گوێرەی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 685 هەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە .