سوید زیاتر لە 34 هەزار دۆلار دەداتە هەر کۆچبەرێک کە بە خۆبەخشانە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی
بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، حکوومەتی سوید بڕیاری داوە 350 هەزار کرۆنی سویدی کە دەکاتە "34 هەزار دۆلاری ئەمەریکی بە هەر کۆچبەرێک بدات، ئەگەر ڕازی بێت بە ئارەزووی خۆی بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، بەو مەرجەی دەستبەرداری مافی نیشتەجێبوونی یاسایی خۆی یان ئەو ڕەگەزنامەیەی کە لە سوید وەریگرتووە، ببێت.
ئەم بڕیارە کە لە 1ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2026ەوە جێبەجێ دەکرێت، کە پارتی توندڕەوی سوید ئەو پێشنیازەی کردووە و دژە کۆچبەریشە، هەروەها وەزیری نوێی کۆچبەران، یۆهان فۆرسێل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکانی هاوپەیمانی گوتی: بەرنامەی پشتیوانیی لە گەڕانەوەی خۆبەخشانەی کۆچبەران، ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی بەرنامەی یەکگرتنەوە هاتوونەتە ناو وڵاتەوە، کە هەر ئەندامێکی خێزانەکە هەمان بڕە پارە وەردەگرێت.
لە ئێستا قەرەبووی کۆچبەرێک کە دەستبەرداری مافی نیشتەجێبوون یان ڕەگەزنامەی خۆی دەبێت و سوید بەجێدەهێڵێت 10 هەزار کرۆن بە گەورەکان دەدرێت و 5 هەزار کرۆنیش بە منداڵەکانیان دەدرێت، هەروەها زۆرترین بڕی پارەکە 40 هەزار کرۆنە بۆ هەر خێزانێک، بەبێ گوێدانە ژمارەی ئەندامانی خیزانەکە.
ئەم قەرەبووکردنەوەیە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1984 پەسەند کرا، سەرکەوتوو نەبوو لە ڕازیکردنی زۆرێک لەو پەنابەرانە بۆ ئەوەی سوید بەجێ بهێڵن، کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری وەرگرتووە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە وەک سووریا، عێراق، ئێران، سۆماڵ، ئەفغانستان و یوگۆسلاڤیای پێشوو.
هەرچەندە لێکۆڵینەوەیەکی حکوومەت مانگی ڕابردوو پێشنیاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی یارمەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کردبوو بەهۆی ئەگەری تێچوونەکان، بەڵام سەرۆکوەزیرانی پارتی پارێزگاران ئولف کریستەرسۆن بەڵێنی دابوو دوای ئەوەی لە ساڵی 2022دا دەسەڵاتی گرتە دەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری و تاوان لە ڕێگەی حکوومەتێکی هاوپەیمانییەوە کە لەلایەن دیموکراتەکانی سویدەوە پشتگیری دەکرێت.
ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن ناوەندی نیشتمانیی سویدەوە بڵاو کراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی کۆچبەران لە سوید تا ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 76 هەزار کەس، کە دەکاتە نزیکەی 28%ی دانیشتووانی وڵاتەکە و زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەش خەڵکی سووریان کە ژمارەیان 244 هەزار کەسە، لە دوای ئەویش عێراقییەکان بە 195 هەزار کۆچبەر پلەی دووەمی گرتووە.
سەبارەت بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش، دانیمارک گەورەترین هاوکاری دارایی پێشکەش بەو کۆچبەرانە دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بۆ هەر کەسێک زیاتر لە 15 هەزار دۆلار دەدات، لە دوای ئەویش فەرەنسا دێت بە 2800 دۆلار، ئەڵمانیا بە دوو هەزار دۆلار و نەرویج بە 1400 دۆلار.