وەزارەتی خوێندنی باڵا چاوەڕێی وەزارەتی پەروەردەیە
وەزارەتی خوێندنی باڵا چاوەڕێی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە تاوەکوو سیستەمی زانکۆلاین کارا بکات.
شەممە، 14-09-2024، عەباس دزەیی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "تاوەکوو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنی سیستەمی زانکۆلاین دەستنیشان نەکراوە".
بە گوتەی دزەیی "وەزارەتی پەروەردە لیستی دەرچووانی هەردوو خولی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ و ساڵەکانی پێشووی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشە جیاوازەکانییەوە پێشکەشی وەزارەتەکەمانی نەکردووە، بۆیە کاراکردنی زانکۆلاینمان ڕانەگەیاندووە".
زانکۆلاین سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیییە؛ لە ڕێگەیەوە دەرچووانی بەشە جیاوازەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی فۆرمی پێشکەشکردن بۆ بەشی دڵخوازیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان پڕ دەکەنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی باسی لەوەش کرد "زانكۆلاین بەرنامەیەكی زۆر سادە و ساكارە، هەر قوتابییهك توانای بەکارهێنانی مۆبایلی هەبێت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لەگەڵ هەنگاوەكانی ئەم بەرنامەیەدا بڕوات و فۆرمی قبوڵکردن پڕ بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە تا پەنا نەبرێتە بەر سەنتەرەكانی پڕكردنەوەی ئەو فۆرمە و قوتابی تووشی هەڵە پڕكردنەوە نەبێت".
وەکوو ئەوەی دزەیی باسی کرد، د. ئارام محەمەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە زۆرتریی دەرفەتی خوێندنی خۆڕایی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڕەخسێنن.
د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت "وردبینی و ئامادەکردنی لیستی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی وەزارەتەکەمانەوە لە قۆناغی کۆتاییدایە".
د. سامان سیوەیلی ئەوەشی بۆ کوردستان24 خستە ڕوو "هێندەی ئاگادارم کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان بەرەو تەواوبوون دەچن و بەمزووانە لیستی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی دەکەن".
ساڵی رابردوو لە 02 بۆ 14ـی ئەیلوول، زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی زانستی، وێژەیی و پیشەیی کارا بوو و 24ـی هەمان مانگ، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زانکۆلاینی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 ڕاگەیاند.
لە کۆی هەموو ئەوانەشی کە داواکارییان پێشکەش کردبوو، ساڵی رابردوو 42 هەزار و 985 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیران.