نابێت پارتی ئەندام لە ڕێکخراوی سۆسیال دیموکرات، دامودەزگا ئەمنیەکانی وڵات لە بەرژەوەندی کەسی و حزبی بەکار بێنێت
ڕێکخراوی ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست کە ڕێکخراوێکی جیهانیە و سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، لە ناویشی دا چەند پارتێکی کوردی هەن، بە ئەندامبوونی هەر پارتێک لەو ڕێکخراوە مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە، کە سەرەکیترینیان دادپەروەری و ئازادی و یەکسانییە، ئەندامێکی پارتی سوسیال دیموکراتی سوید دەڵێت: نابێت پارتی ئەندام لە سۆسیال دیموکرات دامودەزاگا ئەمنییەکانی وڵات لە بەرژەوەندی کەسی و حزبی بەکار بهێنێت.
پارتەکانی ئەندام لە سوسیال دیموکرات ئەجێندا و سیاسەتێکی گشتیی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەیە، کە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئازادی ڕادەربڕین کاری لە پێشینەیانە. پارتە سۆشیال دیموکراتەکان، مەرجە بایەخ بە یەکسانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بدەن، ھەر ئەوەش وایكردووە لە پارتەكانی دیكە جیایان بكاتەوە.
لەوبارەوە کارین وانگۆرد، سەرۆکی شارەوانیی ستۆکهۆڵم بە کوردستان24ی گوت: سۆسیال دیموکراتی واتای زۆری هەیە، بەڵام بۆ من یەکسانە بە یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا، دەبێ ژیان ئاسان بێ بۆ منداڵەکانمان، دەبێ ئاسانکارییان بۆ بکرێ بۆ خوێندن و ژیانێکی باش، سۆسیال دیموکراتی بناغەی کۆمەڵگەیەکی بەهێز دادەمەزرێنێت.
بۆ ئەوەی پارتێک لە ڕێكخراوی ئینتەر سۆسیال ببێت بە ئەندام چەندان مەرج و پێوەری تایبەتی هەن دەبێت ڕەچاویان بکات و لە سیاسەتەکەیدا ڕەنگ بداتەوە .
باوەڕ ئەسەر، سیاسەتوانێکی کوردە لە سوید دەژیت، دەڵێت: ئەو کەسانەی ماف نادەن بەو کەسانەی کە دەسەڵاتییان لەوان کەمترە یان مافیان پێشێل بکەن، ئەوانە سۆسیال دیموکرات نین.
بە هیچ شێوەیەک نابێت پارتی سوسیال دێموکرات هێزی چەکداریی هەبێت و دامودەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت، بەم پێوەرە بێت یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان کە ئەندامی ڕێکخراوەکەیە، پێشێلیی ئامانجە سەرەکیەکانیی ڕێکخراوەکە دەكات.
ئاندش ئۆستربەری، سیاسەتوان ئاماژە بەوە دەکات: ئێمە لە ئینتەرناشناڵ سۆسیالیست هاتینە دەرەوە، هەندێک خاڵمان بەلاوە پەسەند نەبوو، خۆمان ڕێکخراوێکی ئەنترناشناڵمان دامەزراندووە، دیارە ئێستە ئێمە خۆمان بۆ شەڕ ئامادە دەکەین وەکوو نەتەوەی سوید، من خۆم لەناو سوپای سویدم، شەڕ بۆ وڵاتەکەم دەکەم نەک بۆ حزبەکەم، ئەگەر هەڕەشە لە سەر سوید بێت ئێمە هەموومان بەرگری دەکەین.
ئینتەرناشنال سوسیالیست، ڕێکخراوێکی جیهانیە لە 3ـی حوزەیرانی ساڵی 1951 دامەزروە و زۆرینەی سۆسیال دیموکراتەکانی جیهانی لە خۆكۆكردووەتەوە، مەرجی بە ئەندامبوون لەو ڕێکخراوە دا دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی ڕادەربڕین بێت . مەرج و پێوەری بوون بە ئەندامی پارتێک لە ئینتەرناشناڵ سوسیالیست ئاسانە، بەڵام پابەند بوون بە ڕێبازو پرنسیپی ڕێکخراوەکە بۆ پارتێک کە لە بەرژەوەندیی خاک و خەڵک کار نەکات، ئاسان نییە.