نەتەوە یەکگرتووەکان پەنابەرانی سووریایی لە لوبنان بۆ وڵاتەکەیان دەگەڕێنێتەوە

سنووری نێوان لوبنان و سووریا (وێنە: ئەرشیف)
سنووری نێوان لوبنان و سووریا (وێنە: ئەرشیف)

یاریدەدەری کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەزیری دەرەوەی لوبنان باسی لە پلانێکی گەڕاندنەوەی 30 هەزار پەنابەری سووریایی کردووە بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان، ئەمەش سەرەڕای ئەم هەڕەشە و مەترسیانەی لەبەردەم پەنابەرەکان هەیە .

ڕوڤێندرێنی مینیکدیلا، لەگەڵ عەبدوڵلا بەحەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان گفتوگۆی کردووە باسی جێبەجێکردنی پلانی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان کردووە و ئاماژەی داوە، لەسەر پرسی گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان، ڕژێمی سووریا گۆڕانی ئەرێنی کردووە.

هەروەها بوحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان لەلایەن خۆیەوە ئاماژەی داوە کە بەشێکی زۆری ناوچەکانی سووریا بەراورد بە پێشتر ئارام و سەقامگیر بوونەتەوە و داواشی لە کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لەگەڵ حکوومەتی سووریا لە پەیوەندی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی هەرچی زووە پەنابەرانی سووریایی بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هەروەها یاریدەدەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، پلان و پرۆژەی گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ هەموو ئەوانەیە کە ئارەزوومەندانە بە نیازن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هەر بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستە نزیکەی 19 هەزار و 729 پەنابەری سووریایی لە چەند وڵاتێکەوە گەڕاونەتەوە سووریا، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا بڵاوی کردووەتەوە تەنیا لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا نزیکەی 214 هاووڵاتیی سووریایی دەستگیرکراون لە نێویاندا 19 کەس لەو پەنابەرانە بوون لە لوبنانەوە گەڕابوونەوە وڵاتەکەیان.