دوای حەوت ساڵ، پارتی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک دەکاتەوە
بۆ جاری یەکەم دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، پارتی، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستن لە کەرکووک و بارەگای ناوچەکەی لە خوورماتوو، دەکاتەوە.
شەممە، 14-09-2024، مەهدی کاکەیی، گوتەبێژی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە بڕیاری سەرۆک بارزانی و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، جارێکی دیکە و دوای حەوت ساڵ، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی کە پێشووتر ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بوو، لە شاری کەرکووک دەکرێتەوە".
لە کۆبوونەوەی 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، لهپێناو پاراستنی گیانی تهبایی و سهقامگیری شارەکە؛ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، بڕیاری دا بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی خۆی لە کەرکووک، ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک و بیکاتە دیاری بۆ قوتابییان و پرۆسهی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شارهكه.
مەهدی کاکەیی باسی لەوەش کرد "تاوەکوو ئێستا وادەی کردنەوەی بارەگاکە دیار نییە، لە باڵەخانەیەک دەگەڕێین بۆ ئەوەی بیکەینە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنمان لە شاری کەرکووک. دوای دەستنیشانکردنی باڵەخانەکە و تەواوکردنی ڕێکارەکان، سەرۆک بارزانی، وادەی کردنەوەی بارەگاکە دیاریی دەکات".
یەکشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2023، بۆ جاری یەکەم دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، پارتی لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە و کار و چالاکییە حزبییەکانی دەست پێ کردەوە.
گوتەبێژی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووکی پارتی باسی لەوەش کرد "بێجگە لە مەکتەبی ڕێکخستن، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی، بارەگای ناوچەکەمان لە قەزای خوورماتوو، بۆ جاری یەکەم دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دەکەینەوە و بۆ ئەو مەبەستە دەستمان بە ڕێکارەکان کردووە".
لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراقەوە داگیرکران و ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی دروستکراو، بەوهۆیەشەوە نەیتوانیوە کار و چالاکییە سیاسییەکانی لەو شارە بەڕێوە ببات.