سەباح سوبحی: فشارێکی زۆر لەسەر عێراق هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای هاتنی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بۆ هەولێر، تاڕادەیەکی زۆر لێک نزیکبوونەوە هەبووە لە نێوان هەردوولا. هەروەها گرنگترین ئەو دۆسیەی ماوەتەوە جگە لە مووچە، دۆسیەی نەوتە.

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق هاتنە هەولێر، تاڕادەیەکی زۆر لێک نزیکبوونەوە هەبوو لە نێوان هەردوولا.

گوتیشی: لە دیدارەکاندا پێویست بوو متمانە دروست ببێت بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو، دەشڵێت: گرنگترین  دۆسیە کە ماوەتەوە جگە لە مووچە، دۆسییەی نەوتە، هەروەها ئەو هەوڵ و کۆششەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان داویەتی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان بێ ئەنجام بووە.

ئاماژەی بەوەش دا، فشارێکی زۆر لەسەر حکوومەتی عێراق دا هەیە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک. گوتیشی: فشارەکان لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە دەکرێت، چونکە لەوەرزی زستاندا وڵاتانی ئەورووپا پێویستیان بە سووتەمەنی زیاترە لە چاو وەرزی هاوین. هەروەها ڕێکخراوی ئۆپیکیش فشار دەکات، لەبەر ئەوەی تاکە ڕێگای هەناردەکردنی نەوتی عێراق ئێستە تەنیا بەسرەیە.

سەباح سوبحی، ڕوونیشی کردەوە، ڕێکخراوی ئۆپێک لە ڕیزی ئەو ڕێکخراوانەیە کە هەوڵ دەدەن سەقامگیریی لە بازاڕی نەوت دروست بکەن هەم لە ڕووی نرخەوە هەم لە ڕووی سەرچاوەشەوە. چونکە لە هەر شوێنێک کە نەوتی پێدا دەڕوات دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ چەند وڵاتێک، ئەمەش نابێت وشک بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، تورکیا ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام عێراق تاوەکوو ئێستە لەسەر تێچووی دەرهێنانی نەوت ڕێک نەکەوتووە. دەشڵێت: لە یاسای بودجەدا هاتووە دەبێت هەموو کێلگەکانی نەوتی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەک ڕێژە پارەی تێچووی تەرخان بکرێت، ئەویش 6 تا 7 دۆلارە، بەڵام ئێستا کێڵگەمان هەیە لە گەیارە تێچووی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت زیاتر لە 20 دۆلارە.