حوسێن عەلاوی: هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا نەماوە

هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق
هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

ڕاوێژکارێکی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی  عێراق دەڵێت: هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا نەماوە.

حوسێن عەلاوی ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی  عێراق گوتی: بەپێی ئەو خشتە ماوەیەیی بۆیان داندراوە، ئێستا هیج بیانووێک بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا نەماوە.

دەشڵێت: ئیستا عێراق پێویستی بە شارەزایی ئەوان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشم گوتیشی: نزیکەی 2500 سەربازیی ئەمەریکا تا ئێستاش لە عێراق لەچوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیماناندا ماونەتەوە لەژێر ناونیشانی ڕاهێنەر و ڕاوێژکاران بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق دوای ئەوەی ژمارەی هێزەکانیان ساڵی 2017 پاش تێکشکادنی داعش کەمکرایەوە.

پێشتر سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق ئاشکرای کردووە، بەغدا و واشنتن گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی ڕیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق کە 10 ساڵ لەمەوبەر بۆ شەڕ دژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا دامەزراوە و نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق جێگیر کراون.

بە گوتەی وەزیری بەرگری عێراق، قۆناغی یەکەم ئەم ساڵ دەست پێ دەکات و تاوەکوو ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت و قۆناغی دووەمیش لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.

هەر لە بارەی ڕێککەوتنەکانەوە، بەرپرسێکی باڵای سوپای عێراقی کە نەیویستووە ناوی بڵاو بکرێتەوە، ئاشکرای کردووە، بڕیارە هێزێکی بچووکی سەربازانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و ئەرکیان زامنکردنی ئاسایشی هەرێمەکە دەبێت لە دژی هێرش و هەڕەشەی گرووپە میلیشیاکان کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە.

Fly Erbil Advertisment