مسته‌فا شه‌فیق: هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیریی عێراقە

مسته‌فا شه‌فیق، شاره‌زای كاروباری توركیا
مسته‌فا شه‌فیق، شاره‌زای كاروباری توركیا

K24 – هەولێر:

شاره‌زایەکی كاروباری توركیا، پێی وایە؛ هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە پەیوەندیی وڵاتان ببینێت و ببێتە بەشێک لە چارەسەریی ململانێکانی نێوان ئێران و تورکیا لە عێراقدا.

مسته‌فا شه‌فیق، شاره‌زای كاروباری توركیا، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: ململانێی ئێران و تورکیا، ململانێکی قووڵە و ڕیشەیەکی مێژووییان هەیە، هەروەها عێراقیش بووەتە گۆڕەپانی ململانێی ئەم دوو وڵاتە.

ئەو شارەزایەی کاروباری تورکیا، دەڵێت: ئەگەر لە عێراق سەقامگیرییەک دروست بێت، بە هەمان شێوە هەرێمی کوردستانیش سەقامگیریی بۆ دروست دەبێت و هەرێمەکە دەتوانێت لە زۆر بواردا سوودمەند بێت.

هەروەها گوتی: هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە پەیوەندیی وڵاتان ببینێت و ببێتە بەشێک لە چارەسەریی ململانێکانی نێوان ئێران و تورکیا لە عێراقدا. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیریی عێراقە.

پەیمانگەی ستێمسۆنی ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی دەربارەی ناکۆکی قووڵی تورکیا و ئێران لەسەر عێراق بڵاو کردووتەوە و تیایدا تیشک دەخاتە سەرچەند لایەنیک و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ هاتنی ئەردۆغان بۆ بەغدا لە نیسانی ئەمساڵ و ڕێککەوتنی تورکیا و عێراق لەسەر پرسی پەکەکە و ڕێگەی گەشەپێدان، ئێرانیەکانی نیگەران کردووە و بە لێدان لە هەژموونی خۆیانی دەزانن لە عێراقدا.

ستێمسۆن جەخت لەوەشدەکاتەوە؛ ئێران خۆی بەهاوبەشی سەرەکی بازرگانی لەگەڵ عێراق دەزانێت و نایەوێت ئەم پێگەیە بۆ تورکیا لەدەست بدات، ململانێی ئەم دوو هێزە هێندە قوڵبووەتەوە لەسەر قەزایەکی بچووکی وەک شنگال هەریەکەیان پاڵپشتی گرووپ و هێزێک دەکەن.