گەلی سنگولی لە زنجیرە چیاکانی نێوان کفری و خورماتوو بۆردومان دەکرێت

هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان
هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان

سەرچاوەیەک لە هێزی پێشمەرگە بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، گەلی سنگولی لە زنجیرە چیاکانی نێوان کفری و خورماتوو بۆردومان دەکرێت، سەرچاوەکە دەشڵێت: بۆردوومانەکە بۆ سەر چەکدارانی داعشە لە ناوچەکە.

شەممە 14ـی ئەیلوولی 2024، سەرچاوەیەک لە هێزی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گەلی سنگولی لە زنجیرە چیاکانی نێوان کفری و خورماتوو بۆردومان دەکرێت، بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیەش، بۆردوومانەکە بۆ سەر چەکدارانی داعشە لە ناوچەکە.

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، دەڵێت: هێرش و مەترسییەکانی داعش بەردەوامە، هەروەها داعش زیاتر لەو ناوچانە جموجۆڵ دەکات کە بۆشایی ئەمنی هەیە.

عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: بەردەوامبوونی چالاکییەکانی داعش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، هۆکارە سەرەکییەکەی کەوتووەتە ئەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە و چونکە تا ئیستە دوو لیوا هاوبەشەکە دەست بەکار نەبوونە بۆ ئەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ بکەنەوە.

نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، دەڵێت: دابەشکردنی کارەکانی دوو لیوا هاوبەشەکان کۆتایی هاتووە و لە ماوەیەکی کورتدا بنکەی فەوجەکان دروست دەکرێن، پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی ئەم ساڵ دوو لیوا هاوبەشەکەی کە لە نێوان هیزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێک دەهێنرێن، دەست بەکار بن.

باسی لەوەش کرد، ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی هەیە هێزکانی حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپاشی لێیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان ئەم هێزانە داعش زۆر جار بە دەرفەتی دەزانێت کە لەو ناوچانەدا کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدات.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هەموو کاتێک داعش مەترسییە لەسەر عێراق و بە تایبەت لەسەر ئەو شوێنانەی کە بۆشای ئەمنیی هەیە، بە دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکە، هاووڵاتی و جووتیاران بە ئاسانی دەتوانن لەو ناوچانە بە ئازادی خۆیان هاتووچۆ و دروێنەی خۆیان بکەن.

عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر دوو لیوا هاوبەشەکە دەستبەکار بوون لە داهاتوودا لە بەرنامەی حکوومەتدایە دوو لیوای دیکە لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە دەست بەکاربن. گوتیشی: زیاتر لە 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە عێراق هەیە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، هەر کاتێک دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆز بێت، جارێکی دیکە داعش دەست بە چالاکییەکانیان دەکەنەوە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە و گورزی کوشندە لە سوپای عێراق دەدەن.

ماوەی هەفتەیەکە جموجوڵ و چالاکییەکانی چەکدارانی داعش لە ناوچەی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و تەنانەت بیابانەکانی پارێزگای ئەنبار زیادیکردووە. لەلایەک خەڵک دەڕفێنن و لەلایەک پەلاماری خاڵەکانی سوپای عێراق دەدەن.

 لە نوێترین پێشهاتدا چەکدارانی داعش لە قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک لە پەلامارێکدا دوو ئەفسەری سوپای عێراقیان کووشت و دووی دیکەیان بریندار کرد، هاوکات فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کوشتنی شەش سەرکردەی باڵای داعشی لە بیابانەکانی ئەنبار ڕاگەیاند.

هاوکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش کە لە 2014ـەوە هاوکاری سەرەکی هێزە عێراقییەکانن بۆ لەناوبردنی داعش بەردەوام جەخت لەودەکەنەوە، تارمای داعش بە ئاسمانی عێراقەوە نەڕەویوەتەوە و هەردەم توانای دەستوەشاندن و گورزی قورسیان هەیە، هەر بۆیە قسەکردن لەسەر کۆتایهاتنیان داعش هێشتە زۆری ماوە.