ئه‌حمه‌د سه‌ڕاجی: گه‌نده‌ڵكارانی عێراق ئه‌زموونیان په‌یدا كردووه‌ و حكوومه‌ت له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان په‌كی كه‌وتووه‌

ئه‌حمه‌د سه‌ڕاجی، شرۆڤه‌كاری سیاسی
ئه‌حمه‌د سه‌ڕاجی، شرۆڤه‌كاری سیاسی

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌ سه‌ربه‌خۆكانی عێراق ناتوانن سزای گه‌نده‌ڵكاران ببنه‌وه‌؛ ده‌شڵێت، دادگه‌ له‌ به‌رده‌م گه‌نده‌ڵیدا په‌كی كه‌وتووه‌.

شه‌ممه‌، 14ـی ئه‌یلوولی 2024، ئه‌حمه‌د سه‌ڕاجی، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و سه‌ركرده‌كانیان، گه‌نده‌ڵكاران ده‌پارێزن و پشتگیرییان ده‌كه‌ن.

ئه‌حمه‌د سه‌ڕاجی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گه‌نده‌ڵكارانی عێراق ئه‌زموونیان په‌یدا كردووه‌ و شاره‌زایانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن و پارێزه‌ریان هه‌یه‌.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ گوتیشی، له‌ عێراق هیچ لایه‌نێك گه‌نده‌ڵكاران ڕابكێشێته‌ به‌رده‌م دادگه‌ و سزایان بدات، ته‌نانه‌ت حه‌یده‌ر حه‌نوون، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق به‌ ئاشكرا ڕایگه‌یاندووه‌، توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی نییه‌.

چوارشه‌ممه‌ 14ـی شوباتی 2024، ئه‌حمه‌د سه‌ڕاجی سه‌باره‌ت به‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان له‌ عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، عێراق له‌ دوای ساڵی 2003ـوه‌ به‌هۆی سیسته‌می سیاسی و ئه‌و ده‌ستووره‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردن نووسراوه‌ته‌وه‌، بووه‌ته‌ هۆی دروستبوونی كاره‌ساتی گه‌نده‌ڵییه‌كی گه‌وره‌ و به‌رفراوان.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌س له‌ عێراق ناتوانێت دۆسیه‌یه‌ك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی بكاته‌وه‌ هۆكاره‌كه‌یشی بۆ ده‌ستڕۆیشتوویی گه‌نده‌ڵكاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، ته‌نانه‌ت تاوانباری سه‌ره‌كی دزی سه‌ده‌ له‌ عێراق، ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی سزایه‌كی تۆكمه‌، ده‌ستی به‌ وه‌به‌رهێنان كردووه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێكی گه‌نده‌ڵی نه‌كردبێت.

ئه‌حمه‌د سه‌ڕاجی روونیشی كرده‌وه‌، عێراق له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا له‌ پله‌ی یه‌كه‌می گه‌نده‌ڵی و رێژه‌ی زۆری گه‌نده‌ڵی له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت دایه‌. گوتیشی، عێراق باشترین ژینگه‌ی بۆ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌.

گەندەڵی لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە و هەموو کەرتەکانی لە عێراقدا گرتووەوە. هیوایەک هەبوو بودجە سێ ساڵییە زەبەلاحەکەی عێراق، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەکەی فەراهام بکات، بەڵام خەریکە دەردی گەندەڵی ئەو خەونە لە بار دەبات.

لە وڵاتێکدا کە زۆرترین پێویستی بە پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە هەیە، بەڵام ملیاران دینار لە پرۆژەی بێسوود خەرجدەکرێن و پرۆژە گرنگەکانیش لەکارخراون، وەکو گشت کەرتەکانی دیکە، کەرتی خزمەتگوزاری و تەندروستی، قوربانی یەکەمی دەست دیاردەی گەندەڵین.

باقر ساعدی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گەندەڵییەوە کارکردن لە 500 پڕۆژەی گرنگی خزمەتگوزاری لە شارە جیاوازەکانی عێراقدا راگیراون.

میترۆکەی بەغداش کە بە یەکێک لە پێشکەوتنەکانی عێراق ناو دەبرا، گەندەڵییەکی گەورەی تێدا ئاشکرا کرا، بە جۆرێک بەپێی یاسای بودجەی عێراق و نووسراوی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت بڕی 914 ملیار دینار بۆ کۆمپانیاکانی راوێژکاری تەرخان بکرێت کە لە پڕۆژەی میترۆی بەغدادا، کاری نەخشەسازی و راوێژکاری ئەنجامدەدەن.

بەپێی بەدواداچوونەکان دەردەکەوێت کە حکوومەتی عێراق ئەو بەشەی یاسای بودجەی پێشێلکردووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ یاساکە، بڕی ترلیۆنێک و 500 ملیار دیناری بۆ دوو کۆمپانیا تەرخان کردووە کە یەکێکیان لوبنانییە و ئەوی دیکەیان مالیزییە.

یەکێک لە گەندەڵییەکانی دیکە کە بە تاڵانی ناوی دەبەن، تەرخان کردنی 40 ملیار دیناری ساڵانەیە بۆ گرێبەستی وەگەڕخستنی نەخۆشخانەی شاری نەجەفە کە بە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی دەدرێت.

ئەمانە و چەندان نموونەی دیکە دەرخەری پەلهاوێشتن و فراوانبوونی زیاتری دەردی گەندەڵین لە عێراقدا و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دیاردەیەش لە مەحاڵ نزیک بووەتەوە.