لە یەمەنەوە مووشەکێک بەرەو ئیسرائیل هاوێژرا؛ قوربانی هەیە

دیمەنێکی دوای هێرشەکە
دیمەنێکی دوای هێرشەکە

مووشەکێک کە لەیەمەنەوە ئاراستە کرابوو، لە ناوەڕاستی ئیسرائیل کەوتە خوارەوە و قوربانی لێ کەوتووەتەوە.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-09-2024، مووشەکێکی زەمین بە زەمین کە لە یەمەنەوە هاوێژرابوو، لە نزیک فڕۆکەخانەیەک، لە ناوەڕاستی وڵاتەکە کەوتە خوارەوە.

هەر چەندە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکەکە ئامانجی نەپێکاوە و قوربانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام کەناڵی12ـی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە، پێنج هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە بریندار بوونە.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوەکەیەدا دانی بەوەدا ناوە، بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە نەیتوانیوە مووشەکەکە پێس گەیشتنی بە سنووری ئیسرائیل تێک بشکێنێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی مێدیا نێوخۆییەکانی ئیسرائیل؛ هەر ئەمڕۆ مووشەکێکی دیکە لە باکووری وڵاتەکە کەوتووەتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە ئاڕاستە کرابوو.

دوای ئەم ڕووداوانەش، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئڤەیڤ و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری لێ درا و داوا لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل کرا بچنە حەشارگەکانەوە.